کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەید ڕەزا دروودگەر ڕێبواری بەئەمەگی ڕێبازی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

19:21 - 18 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: سەید ڕەزا دروودگەر ئەندامی پێشووی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و برای دوو شەهیدی سەربەرزی ڕێگەی ئازادی، لە وڵاتی نۆروێژ و لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٦ی مەی ٢٠١٦ی زایینی، کادری پلە یەکی حیزبی دێموکرات سەید ڕەزا دروودگەر، بەهۆی ڕاوەستانی دڵییەوە لە شاری بێرگێنی وڵاتی نۆڕوێژ، پاش چەند ساڵ دووری لە وڵات و بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و درێژەی ڕێبازە پیرۆزەکەی بە هاوڕێیانی لە حیزبی دێموکرات ئەسپارد.

سەید ڕەزا دروودگەر ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە نێو بنەماڵەیەکی ناسراو و نیشتمان پەروەر لە شاری پاوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات چاوی بە دنیا هەڵێنا. تاکوو قۆناغی فەوق دیپلۆم لە بواری حیسابداری دەرسی خوێند.

پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا، وەکوو دێموکراتێکی بەبیروباوەڕ چالاکی نواند و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازە پڕسەروەرییەکەی بوو.

هاوڕێی کۆچکردوو سەیدڕەزا دروودگەر لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و لە جەریانی کۆنگرەی هەشتەمی حیزبدا بەهۆی سداقەت و بیروباوەڕە پۆڵایینەکەی، وەک ئەندامی ڕێبەریی حیزب هەڵبژێردرا و تاکوو ساڵی ١٣٨٨ کە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی چووە دەرەوەی وڵات، لە هەموو کۆنگرەکانی حیزب دەنگی متمانەی وەک کادری ڕێبەریی حیزب وەدەستهێنا.

کاک سەید ڕەزا دروودگەر لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شانازی لە نێو حیزبدا، چەندین بەرپرسایەتی گرینگی لە ئەستۆ گرت کە گرینگترینیان بریتین لە: جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی – نیزامی، بەرپرسی تەشکیلاتی نهێنی، بەرپرسی کۆمیتەی هەورامان، بەرپرسی مەڵبەندی سپی‌سەنگ، بەرپرسی حیسابداری و ماڵی و هەروەها جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی ماڵیی حیزب، جێگری کۆمیتەی ئەمنییەت.

سەید ڕەزا دروودگەر خاوەنی کەسایەتییەکی خۆشناو، دڵپاک و سادق، خۆنەویست و مافویست، ڕاستگۆ، خاوەن ورەیەکی شۆڕشگێڕانە، لێوەشاوە و جێگەی متمانە، ئەمەگناس و وەفادار بوو کە ئەم خسڵەتە بەرزانە یاد و ناوی لە زەین و دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی‌دا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵنەوە.

بەم بۆنەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی‌دا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی تێکۆشەرانی دێموکرات، کادر و پێشمەرگە و هاوسەنگەرانی سەید ڕەزا و هەروەها بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەی لەدەستدانی هاوڕێ سەید ڕەزا دروودگەردا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت