کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی شەهیدان سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر لە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

22:55 - 3 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی شەهیدان سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر، لە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوید کۆڕێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ یوتوبۆری، بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی یوتوبۆری و دەوروبەری و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، کۆڕێکی پرسە و ماتەمینی بۆ هەردوو هاوڕێی کۆچکردوو سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر، ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەت هەردوو کادری کۆچکردووی ڕێبەریی حیزب سەروان چەکۆ و سەید ڕەزا دەستی پێ‌کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یوتوبۆری،پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە یوتوبۆری، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان ڕێکخراوی یوتوبۆری و باسێک لە لایەن موراد قادری و باسێک لە لایەن محەممەد وەلەدبەگی، سەبارەت بە کەسایەتی، کار و خەبات و ڕۆڵی ئەو دوو تێکۆشەرەی دێموکرات لە بوارەکانی ژیانیاندا پێشکەش کران.

دواتر پەیامی بنەماڵەی هەر دوو تێکۆشەری کۆچکردوو لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە فەرزاد جەلوەزان خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بەشێک لە فیلم، دۆکیۆمێنت، ڕێورەسمی بە خاکسپاردن و پەیامەکانی ڕێبەرایەتی حیزب بە شێوەی پرۆژۆکتۆر نیشان دران.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا بەشداربووان بە دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی نەمران سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر کۆتایی پێهات.