کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ناسراوی مه‌هاباد کۆچی دوایی کرد

23:56 - 10 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: قادر ئەحمەدنژاد کەسایەتییەکی ناسراوی شاری مەهەباد بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، قادرئه‌حمەدنژاد، کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی کیسەڵانی سەر بە ناوچەی مەنگوڕانی مەهاباد، لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشییەکی درێژماوەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک قادر باوکی سولەیمان ئەحمەدنژاد کادری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و برای کەریم ئەحمەدنژاده کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێشمەرگە بوو.

ناوبراو ٤ ساڵ بەر لە ئێستا، لە شاری کۆیەی کوردستانی باشوور، بە شێوەیەکی گوماناوی بێ‌سەروشوێن کرا.

بنەماڵەی کاک قادر لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧دا بنکە و پێگەی موعینییەکان و شەریفزادە و زۆر لە شۆڕشگێڕان بووە و دوای شۆڕشی ٥٧یش، ڕاستەوخۆ بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و ماڵەکەی وەکوو بنکەیەک بووە بۆ پێشمەرگەکانی دێموکرات.

هەربۆیە لە لایەن جاشەکانەوە دەکەوێتە ژێر ئازار و ئەزیەت و ئەشکەنجە و لە ماوەی چەندساڵی ڕابردوودا، بەیناوبەین زیاتر لە ١٠ جار گیراوە و ڕەوانەی گرتووخانە کراوە.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش هەر لە لایەن جاشەکانەوە، ٢جاری جەریمەی نەختی کراوە، یەکەم جار ١٠ میلیۆن و دواجاریش ٢٠ میلیۆن تمەنیان بە زۆری چەک لێ ئەستاندووە.

هەروەها لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی‌دا، جاریکی دیکە لە گوندی کیسەڵان مڵکەکەی لێ زەوت دەکەن و مەڕ و ماڵاتەکەی بەتاڵان دەبەن بۆ گوندی میریسێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه و سەرەخۆشیی خۆی له بنەماڵه وخزم و که‌س و کاری ناوبراو دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.