کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕیادێک بۆ شەش شەهیدی حەماسەی شاری شنۆ لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

16:59 - 7 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ ٦ شەهیدی حەماسەی گوندی قەرەسەقەلی شاری شنۆ لە شاری تورکو لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات له وڵاتی فینلاند، له شاری تورکو بۆ ڕێزگرتن له شەهیدانی حەماسەی گوندی قەرەسەقەلی سەر به شاری شنۆ، کۆڕیادێکی ڕێزگرتنی بۆ یادی ٦ پێشمەرگەی شەهیدی ئەم حەماسەیه و باسکردن له سەر دەستپێکی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گرێدانی خەباتی شاخ و شار، ڕۆژی شەممه ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی بەڕێوە برد.

دەستپێکی بەرنامەکە به سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاشان خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

له سەرەتای بەرنامەکەدا، وێڕای پێشکەشکردنی چەند پەخشانێک له لایەن بەڕێوەبەرانی کوڕیادەکه، ژیاننامەی هەر کام له شەهیدانی حەماسەی خۆڕاگریی گوندی قەرەسەقەل به کورتی خوێندرایەوه و پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات له وڵاتی فینلاند له لایەن عەلی مورادی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەم وڵاته پێشکەش کرا.

له پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتدا وێڕای ئاماژەکردن به چۆنیەتی شەهیدبوونی پۆلێک له پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم حەماسەیەدا، به کورتی هێما به جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ترس و لەرزگرتنی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەم ڕێژیمه له حزووری پێشمەرگەی دێموکرات له نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کرا.

دواترشاهۆ حوسێنی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزبی دێموکرات له دەرەوەی وڵات، وتارێکی له سەر دەستپێکی قۆناغی نوێی خەبات و قارەمانییەتی شەهیدانی قەرەسەقەل پێشکەش به بەشداران کرد.

حوسێنی لە قسەکانیدا وێڕای لێکدانەوەی ڕەوشی ئێستای ناوچەکە و کوردستان به تایبەتی، دەستپێکی قۆناغی نوێی حیزبی دێموکراتی به هیوابەخش و مافی ڕەوای حیزبی دێموکرات وەسف کرد. ناوبرا ئەم هەستانەوەیەی به پێویست زانی و هەروەها بۆ هەستانەوه و گرێدانی خەباتی شاخ وشار له لایەن حیزبێکەوه، ئیرادەی به پێویست زانی و گوتی دەبێ بۆ چالاککردنی ئەم خەباتەش پێشمەرگه له نێوخۆی کوردستاندا حزووری هەبێت.

شاهۆ حوسێنی خەباتی چالاکانی مەدەنی و خەباتی پێشمەرگەی به تەواوکەری یەکتر زانی. هەروەها به هێما به ئەزموونی خەباتی چەکداری و ٢٠ ساڵ تاقیکردنەوەی شێوەکانیتری خەبات و ڕاگرتنی چالاکییەکانی خەباتی چەکداری به چەند هۆیەکەوە، ڕوون و ئاشکرا بوو که هیچ گۆڕان به سەر سیاسەته دژە گه‌لییەکانی کۆماری ئیسلامی به نیسبەتی کورد پێک نەهاتووه.

سه‌باره‌ت به یەکدەنگی و یەکڕێزیی هێزەکانی کورد له ڕۆژهەڵات به گشتی لەم قۆناغەی خەبات‌دا ناوبراو باسی لەوە کرد، ئەم یەکگرتوویی و یەکڕێزییه به پێویست دەزانین و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بەڵام ئەگەر هێز و لایەنێک باوەڕی بەو شێوه خەباتەی قۆناغی ئێستا نەبێت که حیزبی دێموکرات دەستی پێکردووه، ئێمه ناتوانین به زۆر باوەڕی پێ بێنین.

شاهۆ حوسێنی له درێژەی باسەکەی‌دا ئیشارەی به قەندیل کرد که پێشتر وەک سەنگەری ئازادی پێناسه دەکرا و له هەمان کاتدا ئەمڕۆ شاخەکانی شنۆ و کێلەشین بوونەته وێردی سەر زمانی لاوانی ڕۆژهەڵات و دروشمی ئەوان. ناوبراو به ئیشاره به شەهیدبوونی پێشمەرگەکان گوتی: هیچ حەرەکەتێک بێ زیان نابێت، بەڵام بێ حەرەکەتی دەبێته مەرگی دایمی.

سەبارەت به دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوتی: کۆماری ئیسلامی وتووێژی ناوێ و بەڵکوو خۆ به دەستەوەدان و تەسلیم‌بوونی دەوێت.

له بەشی دووهەمی کوڕیادی شەهیدانی قەرەسەقەل عەزیز شێخانی و مەجید حەقی هه‌ر کامه‌ وتارێکیان پێشکەش کرد.

دوایین بەشی کۆڕیادەکە بۆ پرسیار و ڕەخنه و پێشنیاری بەشداران تەرخان کرابوو.

ڕۆحی شەهیدان شاد بێت.

هەروەها ژمارەیەک له نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە وڵاتی فینلاند که بانگهێشتی ئەم کوڕیاده کرابوون، پەیامی هاودەردی و پشتیوانییان بۆ حیزبی دێموکرات ناردبوو کە بریتین له:
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ کۆمەڵه ـ ڕێکخراوی حیزبی کۆمونیستی ئێران
ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

15554.JPG

15555.JPG

15556.JPG