کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی یادی شەهیدانی ڤییەن لە بەردەم کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە ئاڵمان خۆپێشاندانێک بەڕێوە چوو

23:32 - 24 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: لە بەردەم کونسوولخانەی وڵاتی ئۆتریش لە شاری هامبورگی ئاڵمان، خۆپیشاندانێک بۆ بۆنەی یادی شەهیدانی ڤییەن بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەری ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بۆنەی یادی ٢٧ ساڵەی شەهیدانی وییەن لە لایەن کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لە بەردەم کونسوولخانەی ئۆتریش لە شاری هامبۆرگ خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن ئارێز داراپوور بەرپرسی بەشی تەشکیلات خوێندرایەوە.

دواتر شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. نەقشبەندی لە قسەکانیدا باسی لە تێرۆڕی شەهید دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەهید عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر ئەندامی کۆمیتە ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات کرد و گوتی: لە کاتێکدا که دوکتور قاسملوو، هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد لە ئێران چوبووە وڵاتی ئۆتریش، لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کرایە سەر و شەهید کران.

بەداخەوە حکوومەتی ئوتریش بە دوور لە هەموو پێوەرێکی مرۆیی و نێودەوڵەتی تێرۆریستانی ئەو جینایەتە سامناکەیان ڕادەستی ئێران کردەوە. ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەوە تا وێرای مەحکووم‌کردنی ئەو تێرۆرە، داوا لە وڵاتی ئوتریش دەکەین تا تێرۆریستان ڕاکێشێتە بەردەم دادگا و سەزایان بدات.

نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و گوتی: گەلی کورد لە پێناو مافە ڕەواکانیدا هەرگیز واز لە خەبات و تێکۆشان ناهێنێ، لە وەرزی ئێستاشدا ڕاسانێکی نوێ بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەری هەڵداوە ، پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات حزووری هەیە. لە چەند شوێنێکیش هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردوونەتە سەر و لە بەربەرەکانییەکی بێ وێنەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای داگیرکەر لە ناوچوون و ئەو خۆڕاگریانە بە خوێنی پۆلێک لە باشترین ڕۆلەکانی گەلی کورد تۆمار کراون و ئەم ڕێگا و ڕێبازە هەروا بەردەوام دەبێ و هێچ بەربەستێک ناتوانێ لە ڕێگای خەبات و تێکۆشان تا سەرکەوتنی یەکجارەکی پاشگەزی کاتەوە.

پاشان بەیاننامەیەک لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕادەستی بەرپرسانی کونسوولگەری وڵاتی ئۆتریش کرا. لە بەیاننامەکەدا داواکرابوو کە وڵاتی ئۆتریش ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێ و کۆتایی بە پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و تێرۆریستە بێنێ و تێرۆریستانی ڤییەنیش ڕادەستی دادگا بکات.

لە خۆپیشاندانی شاری هامبورگ ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات، نوێنەرانی کۆمکار،جبهەی دێموکراتیکی ئەهواز و ژمارەیەک لە دۆستان ولایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەشدار بوون.

بە