کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەم هێنانی ماری جوانا لە ئێران پەرە دەستێنێ

00:17 - 10 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: چاندنی ماری جوانا لە حەوشە و لە نێو گوڵدانی ماڵەکان لە ئێران، لەلایەن خەڵکەوە پەرەدەستێنێ.

هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران لە چەند ڕاپۆڕتێکدا باسیان لە چاندنی ماری جوانا لە ناو باخچەی ماڵەکان یان گوڵدانی باڵاخانە چەند نهۆمەییەکاندا کرد و ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژیش دوو کێلگەی بەرهەم‌ هێنانی ماری جوانا لە نەزەر ئاوای شاری کەرەج دۆزرایەوە.

ڕۆژی چوار شەممە، ماڵپەڕی هەواڵی ئانلاین لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دۆزینەوەی دوو کێڵگەی بەرهەم هێنانی ماری جوانا لە پارێزگای ئەلبورز کرد.

کێڵگەی یەکەم لە ناوچەی نەجم ئاوا هەڵکەوتووە و تێدا ٩٠٠ ڕووەکی ماری جوانا لە نێو ڕووەکەکانی دیکە دا دۆزراوەتەوە و کێلگەی دووهەم ٤٠ ڕووەکی ماری جوانای تێدا بووە و هەردوو کێلگە و بەگشتی ١٢ کیلۆ مادەی سڕکەری ماری جوانا، لە لایەن هێزەکانی بەربەرکانێ لەگەڵ مادەی سڕکەر دەستی بەسەردا گیراوە.

مادەی هۆشبەری ماری جوانا كە بە ناوەكانی عەلەف، گراس، وید و جوونیتیش دەناسرێتەوە، مادەیەكە كە هەم بە ڕەنگی سەوز و هەم بە ڕەنگی خۆڵەمێشی دەست دەكەوێت و لە گەڵای ویشككراوی گیای شادانە بەرهەم دەهێندریت و بەكارهێنانی ڕاستەوخۆی، كاریگەری لەسەر مێشكی بەكارهێنەر دادەنێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسدارانی پارێزگای البرز هەواڵی دۆزینەوەی ئەم مەزرایەی لە شارستانی ساوجبڵاغ بۆ ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان پشت ڕاست کردەوە؛ بەڵام خەڵکی ئەم ناوچە ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسدارانی ئەم پارێزگا پاش ئەوەیکە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ناوچەوە، لە بەشە قازانجەکانی ئەم مادە سڕکەرە بێبەش کرا، دەستی داوەتە ئاشکرا کردنی.