کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٥ی گەلاوێژ لە واشنگتۆن بەرز ڕاگیرا

18:28 - 19 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئامریکا ڕێوەڕسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی،، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا، ڕێورەسمێکی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧١ـەمین ساڵیادی دامەراندنی حیزبی دێموکرات پێکهێنا.

سەرەتای ئەو ڕێورەسمە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کورستان دەستی پێکرد.

پاشان ڕەحیم رەشیدی وتاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

ڕەشیدی لە دەستپێکی قسەکانیدا، ئاوڕێکی لە پێگەی مێژوویی حیزبی دێموکرات و کاریگەریی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لەسەر بزافی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دایەوە.

ناوبراو لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانی‌دا، باسی لە ڕاسان و بایەخی ئەو هەنگاوەی حیزبی دێموکرات کرد و لەم بارەوە ڕوانگە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی بە وردی شی کردوە و گوتی کە، ئەو بڕیارەی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات جوڵە و تەکانێکی گەورەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەخشیوە و حیزبی دێموکرات سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەو ڕەوتە بە پشتیوانیی جەماوەری خەڵک، بباتە پێش.

ڕەشیدی لە کۆتایی قسەکانیدا پرسە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و کردەوەی ئەو ڕێژیمەی لە ناوچەدا خستەسەر باس، و لەم بارەوە ئاماژەی بە دەستێوەردانی ئاژاوەگێڕانەی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و باسی لەو ڕاستییەش کرد کە بۆ جارێکی دیکەش کورد و پێشمەرگە گۆمی مەندی تارانیان شڵەقاند و بەم جۆرە نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامی ئەو هێزە نیە کە هەوڵ دەدات بەو جۆرە پێناسە بکرێ کە خۆی دەیهەوێ.

دواتر پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، لە لایەن مەحبووبە حوسێنی بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە لە ئامریکا پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون و برووسکەی پیرۆزباییان پێشکەش بە ڕێوڕەسمەکە کردبوو کە بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ
ـ بزوتنەوەی گۆڕان