کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان هەڕەشەی پچڕاندنی یارمەتییە سەربازییەكانی بۆ توركیە لە شەڕی داعشدا دەكات

18:58 - 9 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: ئاڵمان داواكاریی توركیەی لەمەڕ خۆبەدوورگرتنی حكوومەتی ئاڵمان لە بڕیارنامەی پارلەمانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان ڕەد كردەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە كە مەولوود چاووش ئۆغلوو وەزیری دەرەوەی توركیە گوتبووی ئەگەرحكوومەتی ئاڵمان لە بڕیارنامەی پارلەمانی ئەو وڵاتە كە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكانی لە لایەن حكوومەتی عوسمانییەوە بۆە ژینۆساید ناساندبوو، خۆ بە دوور نەگرێت، ڕێگە بە نوێنەرانی پارلەمانی ئاڵمان نادرێت كە سەردانی بنكەی سەربازیی ئینجرلیك بكەن.

بە گوێرەی هەواڵی دویچە وێللە، فرانك واڵتر شتاینمایەر، وەزیری كاروباری دەرەوەی ئاڵمان هەڕەشەی لە توركیە كرد كە ئەگەر ئانكارا بەردەوام بێت لە ڕێگریكردن لە سەردانی نوێنەرانی پارلەمانی ئاڵمان (بۆندێس تاگ) لە بنكەی ئینجرلیك، پشتیوانیی ئاڵمان لە شەڕ دژی داعشدا لە دەست دەدات.

شتاینمایەر هەوڵ دەدات توركیە ڕازی بكات كە ڕێگا بدەن نوێنەرانی كۆمیسیۆنەكانی بەرگری و ئاسایشی پارلەمانی ئاڵمان سەردانی بنكەی ئینجرلیك بكەن.

شتاینمایەر هەروەها ڕایگەیاند: من هیچ پێوەندییەك لە نێوان ئەو دوو بابەتەدا نابینم و ئەوەم بە وەزیری دەرەوەی توركیەش گوتووە.

سوپای ئاڵمان لە بنكەی ئینجرلیك هەڵكەوتوو لە باشووری توركیە، خاوەنی كەرەستەی هەواڵگری و فڕۆكەیەكی تایبەت بە هەڵگرتنی تانكە.

ئەو كەرەستە سەربازییانە بۆ پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە داعشدا بە كار دەهێنرێن.

لە مانگی ژوئەنی ئەم ساڵی زاینیی‌دا، کە بڕیارنامەی تایبەت بە کوشتاری ئەرمەنییەکان لە پارلەمانی ئاڵمان پەسەند کرا، تورکیە دیداری نوێنەرانی پارلمانی ئاڵمان لەو پایەگایەی قەدەغە کرد. لەو بڕیارنامەیەدا، کوشتاری ئەرمەنییەکان لە سەد ساڵ لەوەپێش و پێش لە ئیمپراتۆریی عوسمانیی بە ژینۆساید ناوزەد کرابوو.