کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی عەرەب سیاسی‌کردنی حەجی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کردووە

15:58 - 19 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی لە بەیانییەیەکدا هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لەمەر سیاسی‌کردنی ئایینی حەج بە توندی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شووڕای وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتیی عەرەب، لێدوانە شەرەنگێز و شەڕخوازانەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دژی عەرەبستانی سعوودی و ڕێبەرانی ئەو وڵاتانەیان مەحکووم کرد.

لە کۆتایی ١٤٦ـەمین دانیشتنی شووڕای وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی‌ کە لە تونێس بەڕێوەچووە، لە بەیانییەیەکدا لێدوانە شەڕەنگێز و شەڕخوازەکانی ڕێبەڕی ڕێژیمی ئێرانیان بە توندترین شێوە مەحکووم کردووە و ئیدانەی ئەو لێدوانانەیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێكی شەڕەنگیزانەدا وێڕای ناوهێنانی كاربەدەستانی سعوودی وەكوو شەجەرەی مەلعوونەی خەبیسە گوتبووی: حكوومەتەكان و گەلانی موسڵمان دەبێ دەسەڵاتدارنی سعوودی بە دروستی بناسن و بەهۆی ئەو تاوانانەی كە لە جیهانی ئیسلامدا ئەنجامیان داوە، بەرۆكیان بەر نەدەن و بە شێوەیەكی بنەڕەتی بیر لە بەڕێوەبردنی بارەگا پیرۆزەكان و مەسەلەی حەج بكەنەوە.

عەبدولعەزیز شێخ، موفتیی گەورەی عەرەبستان لە وەڵامی لێدوانە توندەكانی ڕۆژی دووشەممەی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیدا دژ بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گوتبووی: لێدوانەكانی خامنەیی جێگای سەرسووڕمان نین، چوونكە ئێرانییەكان موسڵمان نین، ئەوان مەجووسن و دوژمنایەتیی ئەوان لەگەڵ موسڵمانان بە تایبەتی سوننەكاندا مێژووییە.

چاوەدێرانی سیاسی ئەو جۆرە لێدوانانەی خامنەیی بە جۆرێك دەركردنی فتوای جیهاد یان ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە حكوومەتی عەرەبستان لە قەڵەم دەدەن.