کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێكی تایبەت بە ٢٤ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنوس لە فینلاند بەڕێوە چوو

16:54 - 29 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: سێمینارێکی تایبەت بە شەهیدانی میکۆنوس لە شاری هێلسینکی وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، سێمینارێكی تایبەتی بۆ یادی تێرۆركرانی دوكتور شەرەفكەندی‌ و هاوڕێیانی، لە شاری هێلسینكی، پێکهێنا.

سێمینارەكە بە بەشداریی دوكتور ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانكۆ، نوێنەرانی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان‌ و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

سەرەتای سێمینارەكە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب ‌و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێ‌كرد.

پاشان پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە لایەن عەلی مورادی، بەرپرسی كۆمیتەوە پێشكەش كرا.

لە پەیامی كۆمیتەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە كردەوە جینایەتكارانەكانی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، تیرۆركردنی ڕێبەرانی كورد ‌و حیزبی دێموكرات، لەوانە تیرۆركردنی دوكتور شەرەفكەندی‌ و هاوڕێیانی مەحكووم كرابوو، و هاوكاتیش لە گەڵ شەهیدانی میكۆنووس ‌و هەموو شەهیدانی كوردستان پەیمانی وەفادار بوون بە ڕێگا‌ و ڕێبازیان نوێ‌ كرابووە.

لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا كورتەیەک لە ژیانی پڕ بەرهەمی دوكتور شەرەفكەندی لە ڕێگای پرۆژۆكتۆرەوە بۆ بەشدارانی سێمینارەكە بڵاوكرایەوە.

پاشان پەیامی یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن مەهتاب محەممەدیان، بەرپرسی كۆمیتەوە پێشكەش كرا.

دواتر بەم بۆنەوە پەیامی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە فینلاند، لە لایەن هۆگر عەلیپوورەوە پێشكەش كرا.

بەشی دووهەمی سێمینارەكە تەرخان كرابوو بۆ وتەكانی دوكتور ئیدریس ئەحمەدی.

دوكتور ئیدریس، لە بەشی یەكەمی باسەكەیدا سەبارەت بە تێرۆری دوكتور سەعید‌ و هاوڕێیانی قسەی كرد‌ و گوتی: تێرۆركردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموكرات دەبێ‌ لە چوارچێوەی ستراتیژیی كۆماری ئیسلامی‌دا لێک بدرێتەوە. ستراتیژیی كۆماری ئیسلامی سێ‌ ماكی هەیە: یەكەمیان تیرۆركردنی ڕێبەرانی كوردە. دووهەم، ناچاركردنی حیزبی دێموكرات، كۆمەڵە ‌و باقیی حیزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕاگرتنی خەباتی چەكداری ‌و سێهەم، گەمارۆدانیان لە باشووری كوردستان ‌و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.

ئەحمەدی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بە ئامانجەكانی كۆماری ئیسلامی لە تێرۆركردنی رێبەرانی حیزبی دێموكرات كرد ‌و گوتی: كۆماری ئیسلامی بە تێرۆركردنی دوكتور قاسملوو پێی وابوو كە دەتوانێ‌ سیاسەتەكانی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ‌. بەڵام كە زانییان بەو ئامانجە نەگەیشتوون، زۆر زوو جووڵانەوە ‌و دوكتور سەعیدیشیان تیرۆر كرد.

ئەحمەدی هەروەهاگوتی: پرسیارێک كە لەم پێوەندییەدا دێتە ئاراوە‌ و دەكرێ‌ بە كورتی ئاماژەی پێ‌ بكەین، ئەوەیە كە؛ كۆماری ئیسلامی دوای تێرۆری دوكتور قاسملوو، بۆچی وا زوو جووڵایەوە‌ و بۆ ئەو هەزینە گەورەیەی دانا بۆ تیرۆركردنی دوكتور سەعید؟ دوكتور ئیدریس لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی: لە كاتێكدا كە دادگای تێرۆركرانی دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە نەتیجە نەگەیشت، بەڵام لە ئاڵمان ئێمە بینیمان كە سەرانی كۆماری ئیسلامی وەكوو تاوانباری ئەسڵیی ئەو جینایەتە لە قەڵەم دران، هەزینەیەكی زۆری بۆ كۆماری ئیسلامی هەبوو. بێگومان ئەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە دوكتور سەعید لەگەڵ ئەوەی كە كەمتر ناسراوە، لەگەڵ ئەوەی كە كاتی كەمتر هەبوو بۆ ئەوەی كە بتوانێت ڕێبەریی خۆی بە خەڵكی دەرەوەی حیزبی دێموكرات‌ و بە دنیا بناسێنێت، جمهوریی ئیسلامی زۆر بە باشی توانایەكانی دوكتور سەعیدی دەناسی‌ و بۆیەش زۆر زوو جووڵایەوە‌ و هەزینەیەكی زۆری دانا بۆ شەهیدكردنی دوكتور سەعید.

بەشی دووهەمی وتەكانی دوكتور ئیدریس، تایبەت بوون بە ڕاسان‌ و ئەو قۆناغە نوێیە لە خەبات كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئارادایە. ناوبراو بە شی كردنەوەی واتای ڕاسان، ئاماژەی بە وتەكانی مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكرات كرد كە گوتبووی: ئامانجی ڕاسان گرێدانی خەباتی شاخ‌ و شارە.

ئەحمەدی گوتی: حەقیقەت ئەوەیە كە كۆڵەكەی ئەساسیی ڕاسان، خەباتی پێشمەرگەیە. ئەگەر بمانەوێ‌ لە دەور ‌و كاریگەریی خەباتی پێشمەرگە تێ‌بگەین، ئەتوانین دەوری پێشمەرگە وەكوو دەوری دڵ لە جەستەی مرۆڤدا چاو لـێ‌ بكەین. ئەگەر دڵ لە كار بكەوێ‌، هیچ ئەندامێكی دیكەی جەستەی مرۆڤ كار ناكات. پێشمەرگەش بە هەمان شێوە. ئەگەر پێشمەرگە لە ئارادا نەبوو، نە ڕێبەرییەكی خاوەن ئۆتۆریتە‌ و خاوەن پرستیژمان دەبێ‌، نە خەڵكی كوردستانمان بۆ تەیار دەبێ‌، نە دەتوانین مەسەلەی كورد لەسەر ئاجێندای سیاسی لەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە ‌و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ‌و نێودەوڵەتی دابنێین، نە دەشتوانین پشتیوانیی نێودەوڵەتی دروست بكەین. كەوابوو، پێشمەرگە دڵی ئەو خەباتەیە.

دوكتور ئیدریس، پاشان باسی لە دەسكەوتەكانی ڕاسان‌و خەباتی نوێ‌ لە كوردستانی ڕۆژهەڵات كرد‌ و وتی: یەكێك لە دەسكەوتەكانی ڕاسان ئەوەیە كە ڕاسان، ئەو ساڵ بزمارێكی لە تابووتی سیاسەتی كۆماری ئیسلامی دا، یانی شكستی بەو سیاسەتە هێناوە.

ناوبراو لە درێژەی وتەكانیدا لەمەڕ خەباتی نوێی حیزبی دێموكرات گوتی: ئەمە پرۆسەیەكە‌ و ئێمە لە سەرەتای ئەم پرۆسەداین‌ و تەبیعییە كە هێندێك پرسیار بێتە گۆڕێ‌‌ و هێندێک لایەن بە هەدەفی جیاوازەوە هەوڵ بدەن كە كارتێكەرییان لەسەر ڕای گشتی هەبێ‌ بۆ ئەوەی كە پرسیارەكان بكەن بە گومان‌ و شك لە نیەت‌ و دەوری حیزبی دێموكرات.

ئەحمەدی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەبارەت بە چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات بۆ شاخ، ئاماژەی بەو ڕاستیە كرد كە: حیزبی دێموكرات بە ناردنەوەی هێزەكانی بۆ شاخ، قووڵایی ستراتیژی بەدەست هێناوەتەوە‌ و ئەگەر كۆماری ئیسلامی توانیی بە ئاسانی لە موجاهیدینی خەڵق لە كەمپی لیبێرتی‌ بدا، بە ئاسانی ناتوانێ‌ لە حیزبی دێموكرات بدا، چوونكە حیزبی دێموكرات ئێستا تەنیا لە یەك شوێندا نیە، بەڵكوو لە شاخە ‌و پێشمەرگە لە شاخ دەتوانێ‌ بەرگری بكا.

ئەحمەدی، لە درێژەی باسەكەیدا، وێڕای لێكدانەوەی لایەنە جیاكانی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئامانجەكانی ئەو خەباتە‌ و ڕاسان‌ و بەهێزبوونی حیزبی دێموكراتی لە پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی‌ و بەتایبەتیش وەك داكۆكی كردن لە بەرژەوەندییەكانی باشووری كوردستان لە قەڵەم دا‌ و وتی: بە پێچەوانەش ئەگەر ڕێكخراوەكانی باشووری كوردستان ناتوانن (لەم خەباتەدا) یارمەتیشمان بكەن، لانیكەم نەبن بە لەمپەر لە پێش ئەوەی كە ئێمە ئەو خەباتە بەرینە پێشێ‌.

لە كۆتاییدا، دوكتور ئیدریس ئەحمەدی، دەسكەوتەكانی ڕاسان‌ و خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی لە چەند خاڵدا بۆ بەشدارانی سێمینارەكە شی كردەوە كە بریتین لە:
یەكەم، وەدەستهێنانی قووڵایی ستراتیژیی
دووهەم، گەڕاندنەوەی پرستیژ‌ و ئۆتۆریتە بۆ ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموكرات
سێهەم، چاندنی تۆوی هیوا لە دڵی خەڵكی كوردستاندا
چوارەم، بە ڕۆژەڤكردنی مەسەلەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات
پێنجەم، دروستبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕاسان‌ و حیزبی دێموكرات.

ئەحمەدی، هەروەها ئاماژەی بە خاڵە هاوبەشەكانی كورد، وەك: بەرژەوەندیی هاوبەش، ئیدئۆلۆژیی هاوبەش، بیرۆكەی هاوبەش، خەباتی هاوبەش‌ و مەترسیی هاوبەش كرد‌ و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە مەترسی بۆ سەر هەموو كورد لە قەڵەم دا‌ و بەم پێیە، هاوكاری‌ و هاوفكری‌ و خەباتی هاوبەش دژی دوژمنانی كورد‌ و لە سەرووی هەمووشیانەوە كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە خاڵێكی زۆر گرنگ‌ و ئەرێنی‌ و پێویست وەسف كرد.

پاش تەواوبوونی وتەكانی دوكتور ئیدریس، بەشداران پرسیار‌ و پێشنیارەكانی خۆیان لە چوارچێوەی باسەكانی ناوبراودا هێنایە گۆڕێ‌‌ و پاشان لە لایەن بەڕێز ئەحمەدییەوە وەڵامیان درایەوە.

لە كۆتایی سێمیناری تایبەت بە ٢٤ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدانی میكۆنوسدا، بەشداران پەیمانی وەفاداری‌ و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانی میكۆنوس‌ و هەموو شەهیدانی كوردستانیان نوێ‌ كردەوە.