کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ بەڕێوە چوو

22:05 - 5 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ سێمینارێکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە بەڕێوە برد.

لە درێژەی کارو چالاکییەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، مستەفاهیجری لە دەرەوەی وڵات، لەسەر داوای ناوبراو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، سێمینارێکی سیاسی و تەشکیلاتیبە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە پێکهات.

سێمینارەکە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبخولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی گەل و بەتایبەتی شەهیدانی ئەو قۆناغەی خەباتی حیزبەکەمان دەستی پێکرد.

پاشان بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژئیبراهی ملاجانی لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەشدارانی کۆبوونەوەکە بەخێرهاتنی سکرتێری گشتی حیزبی کرد و هیوای خواست کە ئەو کۆبونەوە ببێتە هەوێنی ئاڵوگۆرێکی بنەرەتی بۆ باشتربوونی کاری حیزب و بەهێزبوونی تەشکیلات لەو وڵاتە.

پاشان مستەفا هیجری بەدرێژی باسی هەلومەرجی خەبات و تێکۆشانی ئیستای حیزبی دێموکرات و قۆناغی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کرد و شوێن و مەوقعیەتی حیزبی دێموکراتی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئێراندا دایە بەر تیشکی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە.

هیجری لەو پێوەندیەدا فوکوسی خستە سەرئەو حەرەکەتە تازە کە حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵاتدا وەڕێی خستووە، ستراتیژی و ئامانجیئەو جوڵانەوەی شیکردوە و ئەرکەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی لەو بارەوە دەستنیشان کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها ڕێگاکانی بەشداری و یارمەتیبەو خەباتەی لەگەڵ ئەندامانی حیزبی دێموکرات هێنایە گۆڕێ و لە وتەکانیدا تەئکیدی لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە لاپەرەیەکی تازە لە ژیانی سیاسی وتەشکیلاتی خۆماندا بکەینەوە و خۆمان هەڵکێشینە ئاستی مەوقعیەت و ئەو مەسئولیەتە کە خستومانەتە سەرشانی خۆمان وەک حیزبی دێموکرات.

هیجری هەر لە درێژەی ئەوباسەدا داوای لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات کرد کە هەموو توانا وئینیرژیەکانی خۆیان بۆ بردنەپێشی خەبات و بەهێزکردنی سەنگەرەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی گەلەکەمان تەرخان کەین و دەستی هاوکاری و هاوخەباتی بۆ هەموو هێزو کەسایەتی و لایەنە سیاسی و نیشتیمانی و دێموکراتیکەکانی نێوگۆڕەپانی بزوتنەوەی گەلەکامان درێژکەین .

مستەفا هیجری لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا، تەوسیەی کرد کە تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات دەبێ ببێتە ماتۆڕی بردنەپیشی ئەو سیاسەتە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە توانای خۆمان بۆ گوێگرتن لە خەڵک و کەس و لایەنەکانی دیکە بەرینە سەر، سنگفراوانی و هەست بە مەسئولیەتکردن بکەینە شێوازی کار، ئاستی دیسپلینی حیزبی و خەباتگێرانەمان بەرینە سەرتر، مەیدان بە هەموو ئەوکەسانە بدەین و کۆمەکیان بکەین کە لەوخەباتە دەیانهەوێت بەشداربن و مایە لە خۆیان دانێن، خۆمێحوەربینی وەلانێین و ببینە هەوێن و لۆکۆمۆتیڤی بردنەپیشی ئەو بزووتنەوەیە .بەکەس مەیدان نەدەین و نەهێڵین ئاستی ئەدەبیاتی حیزبی وسیاسی و ڕێتۆرێکی ئێمە بێننەخوار و بمانخەنە داوی شەڕە دندوکەی بێمانا و چاڵەمەیدانی. تێکۆشین قازانج و بەرژەوەندیەکانی میللەتی خۆمان بەرینەپێش و هەلوێست و کاری سیاسیمان و تەنانەت دژکردەوەکانیشمان هەڵسەنگێنراوبن.

هیجری داوی کرد کە وەک حیزبێکی بەرپرس و وڵامدەر پیوێستە ئەخلاق لە پێوەندیە حیزبی و تەشکیلاتیەکانماندا و لە پێوەندی لەگەڵ کەس و لایەنەکانی دیکەی نێوگۆڕەپانی خەباتدا پتر پەرە پێبدەین. هەر لەوبارەوە ناوبراوداوای کرد کە هەموو پێکەوە دەست دەینێ ئەو سیاسەتە تازانەی حیزبی دێموکرات و بکەینە کردەوەی ڕۆژانە و جەوهەری تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی خۆمان.

پاشان بەشدارانی کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی بەرین لەسەر باسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و ئەو مەسەلەو باسانە کە ئێستا لە نێو تەشکیلاتی حیزبدا لە گۆڕێدان قسەیان کرد و پرسیار و ڕوانگەو پێشنیارەکانی خۆیانیان هێنایە گۆڕێ کە بەو باسانەیان سێمینارەکەیان دەوڵەمەندترکرد .

لە کۆتایی باسەکەدامستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باشی و ڕوونی وڵامی پرسیار و تێبینییەکانی بەشدارانی سێمینارەکەی دایە.