کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیغی سڕینەوە لە ملی خودییەکان دەنیشێت

17:05 - 9 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: نوێترین زانیارییە درکاوەکان باس لەوە دەکەن کە فەرماندەی پێشووی ئەرتەشی سایبێریی ئێران لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە کوژراوە.

کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێ‌شەممە ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، محەممەد حوسێن تاجیک فەرماندەی پێشووی ئەرتەشی سایبێریی ئێران بە ئامادەبوونی محەممەد تاجیک (باوکی) و فەرمانبەرێکی حیفازەت ئیتلاعاتی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە کە؛ سەرچاوە هەواڵدەرییە باوەڕپێ‌کراوەکان بەو ماڵپەڕەیان ڕاگەیەندووە کە ناوبراو لە مانگی پووشپەڕی ڕابردوودا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە لایەن ناوەندگەلێک لە نێوخۆی وەزارەتی ئیتلاعاتدا کوژراوە.

سەرپۆش دانان لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە و کوژرانی محەممەد حوسێن تاجیک فەرماندەی پێشووی ئەرتەشی سایبێریی ئێران، ئاماژە بۆ پاکانەحیسابە نێوخۆییەکانی مۆرە و هێزەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران دەکات.

محەممەد تاجیک باوکی محەممەد حوسێن تاجیک، لە پێرسۆنێلە کۆن و بەئەزموونەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتە کە دەستی لە قەتڵە زنجیرەییەکانی ڕۆشنبیران و جیابیرانی ئێران لە دەیەی ٧٠دا هەبووە و لە ڕەوتی ئەو سڕینەوە سیستماتیکە حکوومەتیانەدا کە دەیان ڕۆشنبیر و جیابیری ئێرانی تیرۆر کران، ڕۆڵێکی کارای هەبووە.

ناوبراو کە بە ناوی خوازراوی حاجی وەلی دەناسرێتەوە، لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی خاتەمی‌دا لەکارەکەی دەرکرا و لە سەردەمی ئەحمەدی نژاددا گەڕایەوە سەر کارەکەی.

محەممەد حوسێن تاجیک کاتژمێرێک پاش سەردانی باوکی و فەرمانبەرێکی حیفازەت ئیتلاعاتی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی، بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

محەممەد حوسێن تاجیک مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ بە تۆمەتی سیخوڕی، بۆ ماوەی شەش مانگ دەستبەسەر کرا و تەنانەت لە لایەن بەشی دژە سیخوڕیی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجە درابوو و دواجار بە کەفالەتی باوکی ئازاد کرابوو.

تاجیک لە هاوڕێ نزیکەکانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی خوێنڕێژ و ناسراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بووە. بڕێار بوو لە ٢١ی پووشپەڕدا ناوبراو ببرێتە بەردەم دادگا، بەڵام ٥ ڕۆژ پێش دادگاییەکەی بەشێوەیەکی نهێنی و گوماناوی لەماڵەکەی خۆیدا کوژرا و ڕێگە لە درکاندنی زۆر ڕازی سەربەمۆری گیرا کە بوونە هۆکاری کوشتنەکەی.

ناوبراو لە ساڵەکانی نێوان ١٣٧٧ هەتا ١٣٩٢، لەگەڵ ڕێکخراوە جیاوازە پێوەندیدارەکان لەگەڵ سپای قۆدس لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تۆڕە سیخوڕییە جیاوازەکان هاوکاریی چڕ و پڕی هەبووە و پێدەچێت مەترسیی ئامادەبوونی محەممەد حوسێن تاجیک لە دادگا و درکاندنی هەندێ زانیاریی نهێنی بووبێتە هۆی سڕینەوەی لە لایەن دەستە نێوخۆییەکانی هەمان سیستمەوە کە ساڵانێک خۆشخزمەتی بۆ کردووە.