کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی پارلمانی سویدی کرد

16:47 - 10 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی پارلمانی سویدی کرد و لەوێ چەندین پرسی گرینگ و یەک لەوانە ڕاسانی خستە بەر باس.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، حەمید تەیموری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤاڵتر مووت (Valter Mutt)نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی ژینگە (سەوزەکانی سوید) سەردانی پارلەمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ ناوبراو کۆبوونەوە و کۆمەڵێک خاڵیان هێنایە بەر باس و لێکدانەوە. بە کورتی باسی ئەم خاڵانەیان کرد:
ـ ڕاسانی حیزبی دێموکرات و جموجۆڵی پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستان بە مەبەستی جەولەی سیاسی و تەبلیغاتی دژی ڕێژیم و ئامادەبوونیان لە نێو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا و هەر لەو بوارەشدا ئاماژە بە شەهید بوونی کۆمەڵێک پێشمەرگە و لەوانە پێشمەرگەیەکی سیتیزێنی وڵاتی سوید بەدەست هێزە پۆشتەوپەرداخەکانی ڕێژیم کرا.

ـ هەلومەرجی خراپی کوردستان و پەرەسەندنی ڕەوتی گرتن و ئێعدامەکان، و بۆ نموونە لەم چەند حەوتووەی دوایی‌دا کە نزیکەی زیاتر لە ٦٠ کەس لەسێدارە دراون و ئاماژە بە ئێعدام کرانی ٩ زیندانیی کورد لە شاری ورمی کرا کە یەکێک لەوانە ژنێک بوو بە ناوی ملوک نووری کە لەگەڵ مێردەکەی کە خەڵکی کرماشان بوو، ئێعدام کران. هەر لەو پێوەندییەدا ئاماژە بە گرتن و کوشتنی چالاکان و کاسبکارانی کورد و بەلووچ و بەهایی و مەسیحی و عەرەب کرا.

ـ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و سووریە و کوردستان، ناردنی هێز بۆ سووریە و یەمەن و پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان و بەگشتی هێژموونیخوازیی ئەو ڕێژیمە لە دیکەی تەوەرەکانی باسەکەیان بوون.

تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە تایبەت بوو بە کێشەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی و ئەوەیکە ئێران بۆ سەرپۆش دانان لەسەر ئاژاوەخولقێنییەکانی خۆی لە ناوچەدا، چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دیکەوە و لەوانە عەرەبستانی سعوودی و ئەوەیکە ئەو باسە لەبنەڕەتا هەڵبەستراوە.

ڤاڵتر مووت باسی ئەوەی کرد کە ئەوان لەو کێشانە تێگەیشتوون کە ئێران چ ڕۆڵێکی تێکدەری لە ناوچەکەدا هەیە و لەبەرچاوی دونیا بە ئاشکرا هێز بۆ سووریە دەنێرێ و پشتی ئەسەدی گرتووە، بەڵام وڵاتانی زلهێزی وەک ئامریکا و ڕووسیە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەموو چالاکییەکانیان لە بواری چەکی ناوکی‌دا خستووەتە گڕ و کێشەی مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی بندەستی ئێران و کەمینە مەزهەبیەکانی ئێرانیان لە بیر کردووە، کە ڕۆژانە ئێمە شاهێدی ئێعدامی لاوان و ژنان دەبین لە وڵاتی ئێراندا. ئێمە وەک حیزبی ژینگە تێدەکۆشین کە ئەم کێشانە بخەینە بەردەستی دۆستەکانی خۆمان و لە پارلەمانی سوید باسی بکەین، بۆ نموونە کێشەی کوردستانی ئێران یەکێک لەو کێشانەیە کە کەمتر باسی لێوە دەکرێ لە ماسمێدیا جیهانیەکاندا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات زۆر سپاسی ناوبراوی کرد و داوای کرد هاوکاری چارەسەری کێشەی کورد بن و پشتیوانی سیاسیی لە گەلی کورد بکەن.