کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانییەتی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیه بە زۆرەملی کۆچ بە خەڵکی سووریە دەکەن

16:54 - 3 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئەسەد بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیه لە شاری حەلەب و دەوروبەری، بە بڵاوکردنەوەی، تراکت بە زۆرەملی کۆچ بە دانیشتوانی ئەم شارە دەکەن.

بەپێی هەواڵه بڵاوکراوەکان، ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شاری حەلەب و دەوروبەری، بە هێلیکۆپتر تراکتیان لە شاری حەلەب و دەوروبەری بڵاو کردووەتەوە کە لە تراکتەکاندا هۆشداری بە خەڵک دراوە دەرفەت بە غەنیمەت بزانن تا درەنگ نەبووە.

دانیشتوانی شاری حەلەب لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە گەمارۆ دروان و بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن هێزەکانی ئەو دوو ڕێژیمەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی لە شاری حەلەب بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیه دەکوژرێن، کە زۆربەی ئەو کوژراوانە منداڵن، کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لێ‌کەوتووەتەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەروەها ئامریکا هۆشداریان بە ڕووسیه داوە کە بۆردومانی شاری حەلەب ڕابگرێت.

ڕێژیمی ئەسەد بە هاووکاریی بەربڵاو و هەمەلایەنەی ڕێژیمی ئێران کارەساتی مرۆییان لە حەلەب خولقاندووە.

ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی لەو شارە به هۆی بۆردوومانەکانەوە دەکوژرێن و شەڕ و پێکدادانەکان لەو شارە درێژەی هەیه.

هەتا ئێستا چەندین جار ئاگربەس بۆ پێڕاگەیشتن و وەدەرنانی ئاوارەکان ڕاگەیەنداروە کە لە لایەن رووسیه‌وە ئەو ئاگربەسە شکێندراوە.

لەو پێوەندییەدا، شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبر لە چوارەمین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی پەرەدان بە چەکە شیمیاییەکان کە لە ژیر چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و داڕشتنەکەی ماوەی ١٣ مانگ درێژەی کێشاوە، ڕایگەیاندووە؛ هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ٢٠١٥دا، ناوچەی قۆمیناس لە پارێزگای ئەدلەبیان بە گازی کوشندە کردووەتە ئامانج.

هەتا ئێستا دانیشتنەکانی نێوان ئامریکا و ڕووسیه و هەروەها دانیشتنی لۆزانی سوئیس بۆ چارەسەریی کێشەی سووریه بێ‌ئاکام ماوەتەوە و ڕێژیمی ئەسەد بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیه درێژە بە جینایەتەکانی لەو وڵاتە دەدات.