کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی: هەر چەشنە هەڵسوکەوتێک لەگەڵ ئایینی بەهایی قەدەغەیە

21:26 - 5 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی جیهانیی مافی بەهاییەکان، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە که؛ ڕێژیمی ئێران درێژە بە پێشێلکاریی مافی بەهاییەکان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە کۆمەڵەی جیهانیی مافی بەهاییەکان بڵاوی کردووەتەوە؛ ڕێژیمی ئێران هەوڵەکانی خۆی بۆ گوشار خستنەسەر بەهاییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ لە ماوەی دەسەڵاتداریی حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێراندا، ١٥١ باوەڕمەند بە ئایینی بەهایی لە لایەن مەئموورانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەروەها ٣٨٨ شوێنی کاری هاووڵاتییانی بەهایی داخراوە یان تێکدراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ ئەگەرچی حەسەن ڕووحانی لە کاتی هاتنە سەر کاریدا باسی لە کۆتایی هێنان بە پێشلکاری دژی بەهاییەکان دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە ئازار و سەرکوتەکان دژی کەمینەی بەهایی لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕووحانیدا زیاتر بووە.

هەروەها لەماوەی دەسەڵاتداریی ڕووحانیدا کەمپەینێک دژی بەهاییەکان بە ناوی کەمپەینی ورووژاندنی نەفرەت دژی بەهاییەکان پێکهات کە وەکوو ئاشکراترین حاڵەتی پێشێلکاریی مافی بەهاییەکان ئەژمار دەکرێت.
هەر لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هزاران بەهایی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کراون و ٢٨ خوێندکاریش لە زانکۆکان دەرکراون.

بانگی دۆگاڵ نوێنەری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەهاییەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، باسی لەوە کردووە کە؛ بە گشتی ئەوەیکە ئێمە دەیبینین گۆڕانکاریی گشتی لە تاکتیکەکانی ڕێژیمی ئێران بووە بە مەبەستی شاردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی بەهاییەکان.

لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا، ٨٦٠ کەس لە بەهاییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و ٢٧٥ کەسیان زیندانی کراون، هەروەها لەو ماوەیەدا ٩٥٠ شوێنی بازرگانیی هاووڵاتییانی بەهایی داخراوە و ٨٠ شوێنی کاریان تێکدراوە.

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی چەقبەستووی ئێران، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی گوتی کە هەر چەشنە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئایینی تاقمی گومڕا (فرقه ضاله)ی بەهایی قەدەغەیە.