کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیبەیتێکی تایبەت بە ڕاسان لە سۆئێد بەڕێوە دەچێت

17:15 - 7 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: بە چاوەدێری کۆمیتەی سۆئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دیبەیتێکی تایبەت لەسەر ڕاسان لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سۆئێد بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دیبەیتێکی تایبەت بۆ تاوتوێ کردنی خەباتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێکەوتی ٣ی دێسامبری ٢٠١٦ لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سۆئێد بەبەشداری چەندین کەسایەتی کە بریتین لە: خاتوو ناهید مۆکری، مامۆستا مەلاحەسەن شیوەسەڵی، مامۆستا حیسام دەستپیش و کاوە ئاهەنگەری، زاگرۆس خۆسرەوی، حۆجەت نارنجی و کەماڵ مەجیدپور بەڕێوە دەچێت.

لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی فەرمی خۆیدا بۆ ساڵی نوێ ڕایگەیاند کە لە سەر داوای خەڵکی کوردستان و بە مەبەستی گرێدانی خەباتی شاخ و شار قۆناغێکی نوێ لە خەبات دەست پێدەکاتەوە کە بە ڕاسان ناسراوە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەم پەیامە لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجرییەوە هەم کۆماری ئیسلامی ئێران و هەم بەشێک لە دژبەرانی خەباتی نوێی حیزب دژایەتییەکانیان لەگەڵ ڕاسان دەربڕی.

لە ڕەوتی چوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ نێوخۆی وڵات بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی کاروبارە سیاسی و تەشکیلاتییەکان چەندین تێکهەڵچوونیش هاتە ئاراوە کە بەهۆیەوە دەیان جاش و پاسدارای رێژیم کوژران و پۆلێک پێشمەرگەی چاونەترسی حیزبیش شەهید بوون.