کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوباد سمکۆ کۆچی دوایی کرد

16:33 - 9 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: قوباد سمکۆ کوڕی شەهید سمایل ئاغای سمکۆ باوکی ناسیۆنالیزمی کورد، لە تاران کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، قوباد سمکۆ دوایین کوری سمایل ئاغای سمکۆ لە تەمەنی ٩٣ ساڵی‌دا، لە تاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

قوباد سمکۆ یەکێک لەو کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بوو کە ئەگەرچی لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێراندا بووە، بەڵام هیچکات تەسلیمی خواستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نەبووە، و چەندین جار لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێکرا.

سمایل ئاغای سمکۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی‌ باوکی‌ و جەعفەر ئاغای‌ برای‌، وەکوو سەرکردەیەکی‌ لێوەشاوە و هەڵکەوتەی شکاکەکان جڵەوی خەباتی نەتەوەیی گرتە دەست و لەدوای‌ شەڕی یەکەمی جیھانییەوە دەستی بە گرتنی ناوچەکانی قەراغ گۆلی ورمێ کرد و دوای ئەوەیکە شەڕی یەکەمی جیهانیی کۆتایی‌ ھات، سمکۆ وەک سەرکردەیەکی‌ سیاسی‌ ناوی‌ دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی‌ ئیدارەیەکی‌ کوردیدا ساڵی‌ ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و چەندین ناوچەی‌ گرینگی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی‌ گەورەی‌ ھێزەکانی ڕێژیمی ئێراندا، سمکۆ ناچار بوو پاشەکشه‌ بکات و پەنا بەرێت بۆ تورکیه.

ساڵی‌ ١٩٢٤ بە بڕیارێکی‌ لێبووردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی‌ ١٩٢٦ جارێکی‌تر شۆڕشی‌ بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکا و ماوەیەک لە تورکیه بە دەستبەسەری‌ مایەوە. پاش ئازاد کردنی‌ گەڕایەوە ئێران و ساڵی‌ ١٩٣٠ بە پیلانێکی‌ کاربەدەستانی‌ ئێران لە شاری شنۆ شەهید کرا و شۆڕشەکەی‌ کە یازدە ساڵ درێژەی‌ کێشا کۆتایی هات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه وسەرەخۆشی خۆی له بنەماڵه و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.