کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:08 - 26 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزب کرد کە لەپێوەندی لەگەڵ حیزب و رێکخراوە کوردییەکان ڕەچاوی سیاسەتەکانی حیزب بکەن و خۆیان لە زمانی زبر و ناحەز کە زمانی حیزبی دێموکرات نەبووە و نییە بپارێزن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

بۆ هەموو ئەندامان‌ و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

لەگەڵ سڵاو


سیاسەتی حیزبی دێموكرات لە سەر ئەوە داڕێژراوە كە سەرەڕای دەربڕینی بۆچوون و بیروڕای ئازاد، ئەندامی حیزب دەبێ‌ چاوكراوە، تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بن، و لە سەر هەر بڕیار ‌و هەڵوێستێكی حیزبی ڕا ‌و بۆچوونی خۆیان دەربڕن و ڕەخنە بگرن‌ تا ئەو ئاستەی كە زەربە لە پرستیژی حیزب نەدات. داواكارین كە ئەندامانی حیزب ڕەچاوی بارودۆخی حەساسی ناوچە ‌و كوردستان و بە تایبەت حیزب بکەن. بە هەموو شێوەیەك هێرش بۆ سەر هەر كام لە حیزب ‌و ڕێكخراوە کوردییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆییان بە تەواوی لە ڕوانگەی حیزبەوە مەحكوومە.

ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەبێ‌ وەكوو دێموكراتێك بیر بكاتەوە. هەر كەس ڕەخنە لە حیزب دەگرێت یان دژی سیاسەتی حیزب بوو، دوژمنی حیزب نییە، دەبێ‌ ڕێز لە ڕا‌ و بۆچوونەكانی بگرین و لە ئەگەری پێویستیی وەڵامدانەوەدا، بە ڕەچاو کردنی پێوەرە چەسپاوەکانی بواری ڕەخنە، و هێنانەوەی ئیستدلالی لۆژیکیی سیاسی و بەدوور لە ناوزڕاندن و بێڕیزی، وەڵام بدرێتەوە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی