کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەنەی داخستنی گەرووی هۆرمۆزیش کاڵ بوویەوە

21:40 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: حاکمی میرنشینی فەجیرە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەڵێت کە؛ هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز، لە ئێستادا بایەخێکی ئەوتۆی نەماوە.

شێخ محەممەد بێن حەمد ئەلشەرقی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فەرمیی ئیمارات(وام)، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو دەسکەوتەی کە بەندەری فەجیرە دەکاتە جێگرەوەی گەرووی هۆرمۆز، دەڵێت: ئەو دەسکەوتە هێڵێکی بۆرییە کە لە بیرە نەوتەکانی حەبەشان لە ئەبووزەبییەوە دەست پێدەکات و دەگاتە فەجیرە بۆ ئەوەی بگاتە بەندەری ستراتژیکی مدرنش و بە شێوەی ڕاستەوخۆ، نەوت لە نەوتهەڵگرەکان بار دەکات؛ ئەو بابەتەش وردە وردە پێویستیی بە گەرووی هۆرمۆز ناهێڵێت.

ناوبراو گوتیشی: هێڵێ بۆریی گواستنەوەی نەوت کە بەمدواییانە گەیشتۆتە قۆناغی بەکارهێنان، ئامادەی گواستنەوەی نزیکەی ٧٠%ی بەرهەمی نەوتی ئیماراتە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. ئەم گەڵاڵەیە پلانبۆداڕێژراوە و کردەییە، چ لە کورتخایەندا و چ لە درێژخایەندا و بەو مانایەیە کە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز، چیدیکە بابەتێکی سواوە کە بایەخی پێ نادەین.

حاکمی فەجیرە لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: ڕۆژانە ٢٠ بۆ ٣٠ پاپۆڕی نەوتهەڵگر، واتە لە کاتژمێرە پڕ هاتوچۆکاندا، لە هەر ٦ خولەکدا ناوتهەڵگرێک لە گەرووی هۆرمۆز تێدەپەڕێت کە هەڵگری ٤٠%ی نەوتی دورگەیە.

لەو چەند ساڵەی دواییدا ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەی داخستنی ئاوەڕێی نێونەتەوەیی گەرووی هۆرمۆزی، وەکوو کارتی فشار لەدژی کۆمەڵگەی جیهانی بەکار هێناوە. چاوەڕوان دەکرێت بە دەستپێکی کاری ئەم هێڵی بۆرییە نەوتیە، ڕێژیم یەکێک لە گەورەترین کەرەستەکانی باجگریی خۆی لە کۆمەڵگای جیهانی لەدەست بدات.