کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران شاخەکانی داڵاهۆ میلیتاریزە دەکات

16:35 - 18 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران لە شاری داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان لە شاخ و کێوەکانی ئەو شاره پایگاسازیی دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران له ناوچە جیاوازەکانی شاری داڵاهۆ دانیشتوانی ئەو شاره ناچار دەکەن کە بۆ مەبەستی هاتوچۆ بۆ کێوەکانی داڵاهۆ دەبێ تەشکیلی پەروەندە بدەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها باسی لەوە کرد کە هێزەکانی سپای ڕێژیم کارتی شناسایی و میللی بۆ هات‌وچۆ لە هاووڵاتییان وەردەگرن.

هێزەکانی سپای ڕێژیم لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگه و بە تایبەت بانگەوازی حیزبی دێموکرات بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پێشمەرگه شارە سنوورییەکانی کوردستانیان میلیتارزە کردووە.

لە دوای ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە بەهاری ئەمساڵدا ڕێژیمی ئێران لە بەرزاییەکانی داڵاهۆ دەستی بە دروستکردنی پایگای نیزامی کردووە و چاودێریی توندی ئەمنییەتی خستووەته سەر خەڵکی کوردستان.

لەو پێوەندییەدا، ڕێژیم لە ڕێگای جاش و بەکرێگیراوانی خۆی لە ناوچه کوێستانییەکانی داڵاهۆ گەشت لێ دەدات و ئەوەش تەنانەت ناڕەزایەتیی بەکرێگیراوانی لێکەوتووەتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش هەواڵنێری کوردستان میدیا لە کوردستانەوە ڕایگەیاند: پۆلیسڕای پارێزگای کرماشان ئەو ماشێنانەی کە هاتوچۆی شاری ڕوانسەر و جوانڕۆ دەکەن، بە وردی دەپشکنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبووکە هێزەکانی پۆلیسی ڕێژیم هەروەها مۆبایل و کەرستەی ئێلکتڕۆنیی مسافیران دەگەڕێن.

ئەمنییەتی کردنی فەزای کوردستان لە دوای ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرینتر لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستی پێکردووە.