کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد سەردانی مامۆستا حەسەن شێوەسەلی‌یان کرد

17:59 - 19 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڤێسترۆس بە مەبەستی دەربڕینی ڕێز و وەفاداری بۆ مامۆستا حەسەن شێوەسەڵی، سەردانی ئەو تێکۆشەرە دێرینەی حیزبی دێموکراتیان کرد.

لە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، کە ٢٩ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆرکردنی مامۆستا مەلا حەسەن شێوەسەڵی بوو، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ڤێسترۆس بەمەبەستی دەربڕینی ڕێز و وەفاداری بۆ مامۆستا و شەرمەزار کردنی ئەو هەوڵە تێرۆریستیەی ڕێژیمی ئێران، سەردانی مامۆستا و بنەماڵە سەربەرزەکەیانیان کرد.

سەرەتا لە لایەن هەیئەتی کۆمیتەوە چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا و بەردەوامیی ژیان درا بە مامۆستا و پاشان بەرپرسی کۆمیتەی ڤێسترۆس عەزیز مورادپەرەست، باسی ئەم ڕۆژە تاڵە و ئامانجی ڕێژیم لەو کارە تێرۆریسییە و هەروەها مەبەستی سەردانەکەیانی کرد.

مورادپەرەست گوتی؛ زۆرن ئەوانەی ئارەزوویان دەکرد کە لەم ڕۆژەدا بە خزمەتتان گەیشتبان، بەڵام بەهۆی مەودا و دووری لە نیشتمان ئەو ئەرکەیان بە ئێمە ئەسپاردووە و نوێنەرایەتی خۆیان بە ئێمە داوە، هەتاکوو لە ئاست گەورەیی و دڵسۆزیی ئێوە بۆ حیزب و نەتەوەکەمان و هەروەها لە ئاست ئێش و ئازارەکانتان سەری ڕێز و وەفاداریتان بۆ دابنەوێنین و دڵنیاتان بکەینەوە کە ئێمە ڕۆڵەکانی دێموکرات لە درێژەدانی خەبات بەردەوام دەبین و ئێوەش ڕێبەر و ڕێنوێنی‌ ڕێگای خەباتمان دەبن.

عەزیز مورادپەرەست لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی ڕۆڵ و نەخشی کولسوم خانم هاوڕێ و هاوسەری بەوەفای مامۆستای کرد و گوتی؛ ئێمە ڕۆڵەکانی دێموکرات و نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوێکی پر بایەخەوە و وەک ژنێکی نموونەی کورد ڕێزت لێ دەگرین و هیوای بەختەوەری و شانازیی زیاترت بۆ دەخوازین.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مورادپەرەست پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوئێدی پێشکەش بە ناوبراو کرد، کە تایبەت بۆ ئەم رۆژە نێردرابوو، لە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کارە تێرۆریستییەی کوماری ئیسلامی، خۆشحاڵی نیشاندرا بوو کە ئەو پیلانەی دۆژمن سەری نەگرت و مامۆستا وەک سەمبۆلی مرۆڤێکی شۆڕشگێر و وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی کوردستان و ڕێبەرێکی بەتوانا، ئێستاش لە ڕیزی پێشەوەی ڕێبەری‌کردنی خەباتدایە و وەفاداری و ڕێزی تایبەتی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوئێدیان ئاراستەی مامۆستای ڕێبەریان کرد.

پاشان مامۆستا شێوەسەڵی وێڕای سپاس و بەخێرهاتن کردنی تایبەتی خۆی بۆ ئەم سەردانەی کۆمیتەی حیزب لە شاری ڤێسترۆس و، پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوێد، گوتی؛ لێتان ناشارمەوە کە لە ماوەی ئەو ٢٩ ساڵەدا ئەوە بۆ جاری دووهەمە کە لە لایەن کۆمیتە و ئۆرگانەکانی حیزب لەم ڕۆژەدا سەردانم دەکەن و هەر دوو جاریش کومیتەی حیزب لە شاری ڤێشترۆس بووە و، ئەو سەردانانەی کۆمیتەی بە ساڕێژ کردنی ئازارەکانی خۆی زانی.

مامۆستا بەو شێوەیە باسی ئازارەکانی خۆی کرد؛ کارەساتەکە قورس و تال بوو. هەر چەندە زۆرێک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانم لە پەنای دەستمدا شەهید بوون، من لە وان زیاتر نەبووم، حەزم دەکرد لە سەنگەری دەستە و یەخەدا تووشی ئەم کارەساتە بایام، زۆر کەس بۆ من نیگەران بوون، ئەوان لە دڵەوە دەگریان و کوڵەیان دەهات، بەڵام بێ‌هیوا نەبوون، هەر چەند کەوتبوونە ئازارێکی گەورەی ڕۆحییەوە، من بە ناچاری کوردستانم بەجێهێشت.

لە بەشێکی دیکەدا مامۆستا باسی سەرهەڵدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کرد و گوتی؛ ڕاسان فەلسەفەکەی دەرهاتن لەو هەلومەرجە و بوژانەوە و بەرینترکردنی ئەرکەکانمانە، ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئێمەی ژیاندەوە، زۆر کەس لە پێناوی ئازادی گەلەکەمان بە سەربەرزییەوە شەهید بوون، وەکوو پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور سادق و تا دەگەنە شەهیدانی ڕاسان. مامۆستا گوتی ژیانی خۆم لە جووڵانەوەی حیزبدا دەبێنم. مرۆڤی باش ئەوەیە کە خزمەت بە نەتەوەکەی خۆی بکات، هیوام ڕزگاری نەتەوەکەمانە و زۆر خۆشحاڵم کە ئێوە هاوڕێیانی حیزبی لە دەوری خۆم دەبێنم.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مامۆستا ئەرک و وەفاداری و ئەرکەکانی کولسومی هاوڕێ و هاوسەری بەرز نرخاند و هەر لەو پێوەندییەدا سپاسی تایبەتی خۆی ئاراستەی هەیئەتی کۆمیتە ڤێسترۆس کرد.

پاشان هاوڕێ و هاوسەری مامۆستا، کولسوم خانم وێڕای بەخێرهاتن کردنی هەیئەتی کۆمیتە، سوپاس و دڵخۆشی خۆی بۆ ئەم سەردانە نیشاندا و دووبارە وەفاداریی و خۆشەویستیی خۆی بۆ بەردەوامیی ژیانیان دەربڕی و جەختی لە هەوڵدان بۆ هەرچی زیاتر ناساندنی ڕووڕەشیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.

لە کوتایی دیدارەکەدا مامۆستا هەموو ئەندامانی هەیئەتەکەی دڵنیاکردەوە کە درێژەدان بە خەبات سەرئەنجام ئاواتی شەهیدانمان دێنێتە دی.