کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی میسر: سیاسەتی دەرەوەی تاران زێدەخوازانەیە

15:32 - 21 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: سامح شوکری وێڕای پێداگری لەسەر پێوەندیی جێگەی ستایشی میسر و عەرەبستان ڕایگەیاند؛ نامانهەوێ پێوەندی دیپلۆماتیکمان لەگەڵ ئێران هەبێ.

وەزیری دەرەوەی میسر ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی دێسامبر لە پەراوێزی کۆنفڕانسێکدا لە مەنامەی پێتەختی بەحرەین، وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر پێوەندی لەباری وڵاتەکەی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی باسی لە کۆماری ئیسلامی کرد و وتی؛ بەهۆی سیاسەتی زێدەخوازانەی کۆماری ئیسلامی ئێمە نامانهەوێ پیوەندی دیپلۆماتیکمان لەگەڵ تاران هەبێ.

ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە پێوەندییەکانی ئێران و میسر پچڕاوە.

تاکوو پێش لە شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و میسر لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو؛ پاش واژۆی ڕێککەوتننامەی کەمپ دەیڤید لە ساڵی ١٩٧٩دا، پێوەندییەکانی نێوان ٢ وڵات بە فەرمی و بە بڕیاری خومەینی کۆتایی پێهات.

دواتریش پاش کوژرانی ئەنوەر سادات لەلایەن خالید ئیسلامبۆلی، کۆماری ئیسلامی نازناوی شەهیدی بە بکوژەکەی سادات دا، و یەکێک لە شەقامەکانی تارانیشی بە ناوی ناوبراوەوە کرد؛ هەروەها لە پوشپەڕی ساڵی ٨٧دا دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی تاران فیلمێکی بەناوی ئێعدامی فرعەون ساز کرد کە تێیدا باس لە کوژرانی ئەنوەر سادات وەک خائینێک کرابوو، کە ئەم بابەتە ئێعترازی دەوڵەتی میسری لێکەوتەوە.

لە ساڵی ٢٠١١شدا کە ڕاپەڕینی میسر هاتە ئاراوە، خامنەیی بە حوسنی مۆبارەکی بە حوسنی ناموبارەک ناو هێنا و بە نۆکەری ئامریکای ناوزەد کرد؛ ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا لە نوێژی هەینی ئەو کاتدا وتی: نائارامییەکانی میسر جووڵەیەکی ئیسلامییە. ئەم قسانەی ناوبراو ناڕەزایەتی توندی دەوڵەتی مۆبارەک و تەنانەت لایەنەکانی دژبەری حوسنی مۆبارەکیشی لێکەوتەوە.