کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە زانکۆی دهۆک بەڕێوە چوو

16:35 - 4 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: سێمینارێک به بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە زانکۆی دهۆک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی زانکۆی دهۆک ـ کۆلێژی زانستە مرۆییەکان، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران, لە سێمینارێکدا کە بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوەچوو بەشدارییان کرد.

لەو سێمینارەدا حەسەن شەرەفی چەند وتەیەکی سەبارەت بە کۆماری کوردستان و تایبەتمەندییەکانی پێشکەش کرد.

ئەو سێمینارە بە بەشداریی دەیان کەسایەتی ئەکادیمی، ڕۆشنبیر و سەدان خوێندکاری زانکۆ و ڕاگەیاندنە گشتییەکان بەڕێوە چوو.

دوای پێشکەشکرانی بەڵگە و فیلمی دێکۆمێنتاریی کۆماری کوردستان، دوکتور سەعید خددە علو مامۆستای بەشی مێژووی زانستە مرۆییەکانی زانکۆی دهۆک، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر هەر کام لە دوکتور حەسەن کەریم جاف مامۆستای زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر و دوکتور هۆزان سلێمان میرخان لە بەشی مێژووی زانکۆی دهۆک، سەبارەت بە لایەنە جیاجیاکانی مێژووی کۆماری کوردستان و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد قسەیان کرد.

لە کۆتایی ئەو سێمینارەدا بەشدارانی سێمینارەکە ڕا و بۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد.