کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە دانمارک بەرز ڕاگیرا

15:19 - 11 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە وڵاتی دانمارک لە شاری ئالبۆرگ بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی،کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ناوچەی یوولەندی باکووری دانمارک، ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری ئالبۆرگ بە بەشداریی نوێنەرانی ژمارەیەک حیزب و لایەنی کوردی و دانمارکی و سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە بەڕێوەبرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە به سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لە لایەن کۆڕی سروودی لاوانی دێموکرات و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- دانمارک بە بۆنەی ٢ی ڕیبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە لایەن ئەلبۆرز ڕووئین تەن بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە.

ئەلبۆرز ڕووئین تەن لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە گرینگیی کۆماری کوردستان دا و رایگەیاند کە، کۆماری کوردستان توانی لە ماوەیەکی کورتی تەمەنیدا خزمەتی زۆر گەورە بکات.

ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لە زەروورەتی هەبوونی حکوومەتێکی هاوشێوەی کۆماری کوردستان لە ئێستادا کرد، چوونکە ستەمی داگیرکەران لە کوردستان گەیشتۆتە لووتکە، هەر بۆیە حیزبی دێموکرات ڕاسانی دەست پێ کردووە، تاکوو ئەو خەباتە بگەیەنێتە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی، بۆیە ئەوە ئەرکی سەر شانی هەر تاکێکی کوردە کە پشتیوانی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات بکات، بەتایبەتی ئێمەی ڕێبوارانی مەکتەبی دێموکرات ئەرکی قورسمان دەکەوێتە سەر شان.

دواتر چەند پەیام لەلایەن هێزە سیاسییەکان پیشکەش بە ڕیوڕەسمەکە کرا و دواتر بەشی سروودی یەکییەتی لاون و هەروەها پەخشانێک لەلایەن فاخر مولوودییەوە خوێندرایەوە.

ڕیوڕەسمەکە بە شادی و هەڵپەرکێ و بە دەنگی هونەرمەندان ئەرسەلان جۆدەت و کەریم گوڵانی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

لەم ڕێوڕەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پیامیان ناردبوو:

ـ پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ پەیامی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ـ کۆمەڵە
ـ پەیامی پارتی سەربەستیی کوردستان
ـ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزەکوردستانییەکان ـ لقی ئالبۆرگ
ـ پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ پەیامی ماڵی کورد ـ ئالبۆرگ
ـ پارتی سۆسیالیستی گەلی دانمارک بە ناردنی نوێنەر بەشداریی ئەو یادەی کردبوو.(SF)