کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە بریتانیا بەڕێوە چوو

20:34 - 13 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بێرمێنگهام لە وڵاتی بریتانیا ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانی بەڕز ڕاگرت.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا، ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی دووی ڕێبەندان ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێکهێنا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەش کردنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن سولەیمان مورادیان بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، خوێندرایەوە.

مورادیان لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستبووە سەر گرینگیی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد وەک پێشەوا و سەرۆک کۆماری کوردستان و سەرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها گرینگیی ئەو ڕۆژە لە وەگەڕخستنی ویستە نەتەوەییەکانی کورد لەمڕۆدا و ئەو ئامانجانەی کە کورد لە سەرجەم بڕگەکانی مێژووی خۆیدا هەوڵی بۆ داوە.

لەو پەیامەدا هەروەها تیشک خرابووە سەر ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکرات و شەهید و قوربانیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتە دروستەکانی ئەو حیزبە لەپێوەندی لەگەڵ دۆزی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان.

هەروەها چەند گووتەیەک لە لایەن مەنسوور عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لەپێوەندی لەگەڵ ئەو ئەگەرانەی کە دەتوانن مەترسی بن بۆ کورد لەمڕۆدا پێشکەش کرا.

ناوبراو وێڕای باس لەسەر ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، بە گرینگی زانی کورد وریای ئەو گەمە نوێ سیاسییانە بێ کە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا لەوانەیە ڕوو بدەن.

عەزیزی هەروەها بە پێویستی زانی کە نەوەی نوێ بە وریاییەوە ڕووداوەکان بخوێننەوە و بە بێ دەمارگرژیی حیزبی و گرووپی، هەوڵ بدەن لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن هانا مورادوەیسی خوێندرایەوە، کە لەودا ئاماژە بە ڕۆڵی دێموکراتیکی کۆماری کوردستان درابوو لەپێوەندی لەگەڵ پێگەیاندنی ژنان وەک بەشێکی گرینگ لە کۆمەڵگەی کوردەواری و هەنگاونان بۆ پێکهێنانی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی کۆمەڵگەدا.

لەو پەیامەدا ڕۆڵی گرینگی پێشەوا و کاریگەریی ئەو کۆمارە لە سەر بزووتنەوەی کورد لە کوردستان، تیشکی خرابووە سەر.

پەیامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی میللیی بریتانیا لە لایەن ئایەت مورادیانەوە خوێندرایەوە.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی میللیی بریتانیا لە پەیامەکەیدا باسی لە گرینگیی دامەرزانی کۆمار و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی لە وەها هەنگاوێکی نەتەوەییدا کرد.

هەروەها لەو پەیامەدا ئاماژە بە زوڵم و زۆرەکانی ڕێژیمی ئێران کرابوو دژی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵات و هاوکات هیوای ئەوە خوازرابوو کە کورد بتوانێ لە پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا لە پێناو ویستەکانی کۆماری کوردستاندا هەوڵ بدات.

بەم بۆنەوه پارچە هەڵبەستێک لە لایەن محەممەد ئێناخی، بە ناوی کاکۆی ڕێبەر، کە بۆ یادی شەهیدانی حیزب ، بە تایبەت شەهیدانی کۆساڵان و قەرەسەقەل داڕێژرابوو پێشکەش کرا.

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بۆ شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان تەرخان کرابوو.