کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆیدا ڕاسان وەک وانە دەڵێتەوە

21:13 - 17 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری نەغەدە له پۆلەکانی وانە کوتنەوەی خۆیاندا باسی ڕاسان دەکەن و هێرش دەکەنە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مامۆستایانی قوتابخانەی ناوەندیی گوندی قەڵاتان لە شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ، بەشێک لە وانەکانی خۆیان تەرخان بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات کردووە و هێرش دەکەنە سەر حیزبی دێموکرات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد کە؛ مامۆستایانی قوتابخانە لە وانەکانی خۆیاندا باس لە ڕاسان و پێشمرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکەن و حیزبی دیموکرات بە شەڕخواز و هاوکاری ئیستبداد لە قەڵەم دەدەن.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە؛ هەروەها وانەی دژ بە ڕاسان و حیزبی دێموکرات لە گوندەکانی قەڵاتان، دیلانچەرخی خواروو و سەروو، کوئیک، یوونسلوو، کەرێزه، زەلیلان و جاشێران لە لایەن مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەو گوندانە دەوترێتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە ترسی خەباتی تازەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو هەوڵ و تەقلایەکی خۆی وەگەڕ دەخات کە بێ‌بایەخی پیشان بدات.

لە سەرەتای دەستپێکی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی باڵای ئەو ڕێژیمه بەردەوام هەڕەشە لە حیزبی دێموکرات دەکەن و لە هەوڵ دان کە بە هەر شێوەیەک، بەرەنگاری ئەم خەباتە ببنەوە.

خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لە نەورۆزی ئەمساڵدا لەژێر ناوی ڕاسان دەستی پێکرد و حیزبی دێموکرات هەتا ئێستا چەندین ڕۆڵەی بە نرخی خۆی فیدا کردووە و لە سەر درێژەپێدانی ئەم خەباتە شێلگیره.