کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسی فاشیستیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵات زیاتر دەرکەوت

16:30 - 9 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کردەوەیەکی نگریس و فاشیستی‌دا پێشی بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە زانکۆی کرماشاندا گرت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمە بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆی ڕازیی کرماشان، پێشیان بە خوێندکارێکی کورد گرتووە کە بە جلوبەرگی کوردییەوە هاتبووە زانکۆ.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مەئموورانی حەراسەتی ئەو زانکۆیە نەیانهێشتووە کە ئەو خوێندکار کوردە بچێتە پۆلەکەیەوە.

ڕێژیمی ئێران و دەزگا و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک دژی کولتوور و داب و نەریتی نەتەوەی کورد لە کوردستان کار دەکەن و هەوڵی ئاسیمیلەکردنی دەدەن.

ھەر بە ھاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قۆرغ کردنی دەسەڵات، بێڕێزی کردن و سووکایەتی کردن بە نەتەوە، ئایین و ڕەگەزەکانی نێو ئێران، بەشێکی گەرورە لە ئوسوول و پێکھاتەەی بیرۆکەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و لە ماوەی ئەو ٣٨ ساڵەدا نەتەنیا سووکایەتی کردن بە نەتەوەکان کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ لە شکل و فۆرمی جیاوازدا خۆی دەنوێنێ و نەتەوە،، ئایین و ڕەگەز دەداتە بەر شەپۆلی سووکایەتی کردنی خۆی.

لە ساڵەکانی ڕابردووەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تیشکی ئامانجەکانی لە ڕێگای چەکی سووکایەتی کردن بۆ سەر نەتەوەکانی ئێران بەرفراوانتر لە ھەمیشە کردووەتەوە و لە نێو دراما و فیلم و بەشی ڕاگەیاندن و کتێبەکانیدا گاڵتە بە جلوبەرگ، زمان، کولتوور و فەرھەنگی خەڵکی ئێران دەکات و لە ھەوڵی ئەوەدایە کە وشەی نەتەوە لە مێشکی منداڵان و دانیشتووانی ئەو وڵاتە بشواتەوە و پێیان بڵێت کە؛ ئێران تەنیا نەتەوەیەکی ھەیە بەناوی فارس و باقی، بەشێکن لە قەۆم و فیرقە، کە بە درێژایی مێژوو فەرھەنگ و کولتووریان گۆڕدراوە.

جلوبەرگ و زمان بەشێکی گرینگی ناسنامەی نەتەوایەتی ھەر میللەتێکە و دەبێت ڕێزی تەواوی لێ بگیرێت و وەکوو شتێکی کۆمێدی و نوکتە باسی لێنەکرێت، ھاتنی کۆماری ئیسلامی و قۆرغکردنی دەسەڵات لە ئێران، فەرھەنگێکی بێشەرمانەی ھێناوەتە ئاراوە و تاکوو دێتیش ئەو فەرھەنگە لە قالیبی جۆک و نوکتە و کۆمێدی لە نێو نەتەوەکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوی دەکاتەوە.