کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان ئاماری نوێ لەسەر ئابووریی ئێران

15:39 - 24 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: دوابەدوای درکانی کۆمەڵێک ئاماری نوێ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی شپرزەی ئابووریی ئێران، هەندێک لە بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم لەمبارەوە لێدوانیان دا.

جێگری ئابووریی بانکی ناوەندی ڕێژیم، پەیمان قوربانی، بە هەواڵدەریی ئیلنای گووتووە: نرخی گەشەی ئابووری لە ٩ مانگی ڕابردوودا لە کەرتی کشتوکاڵدا ٢/٤%، لە بەشی نەوتدا ٤/٦٥%، لە بەشی سەنعەت و کانزاکان ٣/.% و بەگشتیش ٦/١١% بووە!

ئەم بانگەشە لە کاتێکدایە کە لە شوێنێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو دان بەوەدا دەنێت کە؛ شۆکی نێگەتیڤی نرخی نەوت نەیهێشتووە ئابووریی ئێران گەشە بکات و بەم شێوەیەش قسەکانی پێشووتری خۆی ڕەت دەکاتەوە.

بێ‌بنەمابوونی قسەکانی پەیمان قوربانی لە نێوئاخنی قسەکانی ئیسحاق جەهانگیریش دەردەکەوێت کە؛ ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمە ڕایگەیاند؛ دەوڵەتی یازدەیەم لە هەموو تەمەنی خۆیدا هەم لەباری فرۆشی نەوت و هەم لەباری دەسپێڕاگەیشتن بە داهات و سەرچاوەکانی داهات کیشەی جیددی هەبووە و نەیتوانیوە گەشە بکات.

هەروەها بانکی جیهانیی دراویش ٢ حەوتوو لەمەوپیش لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ئێران وتوویەتی؛ ئابووریی ئێران دیسانەوە تووشی سەرلێشێواوی بووە و لە داهاتووشدا زیاتر لە ئیستا سەری لێ دەشەوێت.

بەپێی بەرنامەی گەشەپیدانی شەشەم کە لە بەفرانباری ئەمساڵدا لەلایەن مەجلیسەوە پەسند کرا، ئابووریی ئێران بۆ ئەوەیکە بتوانێ گەشە بکات پێویستی بە ٣٢٠ میلیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی هەیە، لە حاڵێکدا کە لە ساڵی ٢٠٠٠ بەملاوە ڕێژەی سەرمایەدانانە دەرەکییەکان لە ئێران لە سنووری ٤ میلیارد تمەن تێنەپەڕیوە.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆکی ناوەندی ئاماری ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمە و هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئاکامی یەکەمی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٩٥ ڕایگەیان؛د نیوەی حەشیمەتی چالاکی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ٩٠ تاکوو ٩٦ بێکارن.

بە وتەی ئۆمیدعەلی پارسا نرخی بێکاریی ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێناسەی کە ئێمە بۆ بێکاری کردوومانە، ٤/١٢% بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤/١% زیادی کردووە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: نرخی ڕاستەقینەی بێکاری بەپێی پێناسە جیهانییەکان ٢٢%ە کە ئەمەش واتە تێپەڕینی سنووری هۆشداری.

پارسا هەروەها وتوویەتی تەنیا لە ٢ وەرزی پاییز و زستانی ئەمساڵدا ٨٠٠ هەزار کەس تێکەڵ بە بێکارانی وڵات بوون؛ هەروەها لە زستانی ئەمساڵدا ١ میلیۆن و ٧٨هەزار کەس خوازیاری دۆزینەوەی کار بوون.