کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم ساڵیادی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە بەشداریی منداڵانی شەهید بەڕێوە چوو

15:57 - 30 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەک بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و یەکەم ساڵیادی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، بە بەشداریی منداڵانی شەهیدی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری جێژنی نەورۆز و یەکەم ساڵیادی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا، حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی نەورۆزی پێشکەش بە منداڵانی شەهیدانی حیزب کرد.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکەشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و بە هاوڕێیەتی ئەحمەد ڕەحیمی بەرپرسی کۆمیسیونی کۆمەڵایەتی، پێشوازییان لە منداڵانی شەهیدانی حیزب کرد.

لە دیدارەکەدا حەسەن شەرەفی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە بۆنەی هاتنی جێژنی نەورۆز و ساڵی نویی کوردییەوە پێشکەش بە منداڵانی شەهیدانی حیزب و بنەماڵە بەڕێزەکانیان کرد و هیوای لەشساخی و تەمەندرێژیی بۆ بە ئاوات خواستن و ڕایگەیاند؛ ئەگەرچی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەماندا ئێوەی ئازیز باوکتان بە جەستە لەدەست داوە، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەردەم پشتیوان و خەمخۆرتانە و ئێوەی خۆشەویست جێگای شانازیی هەموو نەتەوەی کوردن و بۆ ساتێکیش نابێ بە بوونی حیزبە خۆشەویستەکەتان هەست بە بێنازی بکەن و بە خوێندن و خۆپێگەیاندن ئاواتی باوکتان بۆ دەستەبەر بوونی مافی ڕەوای نەتەوەکەمان وەدی بێنن.

پاشان تێکڕای منداڵانی شەهیدە سەربەرزەکانمان، وێڕای پیرۆزبایی جێژنی نەورۆز لە ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب ڕایانگەیاند کە؛ پەیمانە لە مێژینەکەیان بۆ درێژەدانی خەبات لەگەڵ حیزب نوێ دەکەنەوە بە هەموو تواناوە لە ڕاستای بەرەوپێشچوونی خەباتدا، ئامادەی هەرچەشنە قوربانی‌دانێکن.

کۆبوونەوەکە پاش ٣ کاتژمێر بە بەڕێ کردنی منداڵەکان بەڕێز و حورمەتەوە، لە لایەن حەسەن شەرەفییەوە کۆتایی پێهات.