کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی کاربەدەستانی ڕێژیم بەردەوامە

16:49 - 6 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی دانپێدانانەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم ئەمجارەیان وەزیری ڕێگەوبان باسی لە دۆشداماوی بارودۆخی ئابووریی ئێران کرد.

عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگەوبانی ڕێژیمی تاران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی حکومەتی مێهر، باسی لە ئەوپەڕی خراپی بارودۆخی ئابووریی ئێران کرد و وتی پێویستە دۆخی سوور ڕابگەیەندرێت.

ئاخوندی لەم وتووێژەدا وتوویەتی: داراییە ژەهراوییەکان لە سیستمی بانکی، قەرزەکانی دەوڵەت بە ئابووریی گشتی ئێران و نرخی کەڵکاژۆوەرگرتن لە ئابووریی ٣ قەیرانی مەزنن کە هەنووکە یەخەی ئابووریی ئێرانیان دادڕیوە.

بەوتەی ناوبراو یەکێک لە کێشە پێکهاتەییەکانی ئابووریی ئێران بوونی قەرزی ٧٥٠ هەزار میلیارد تمەنی دەوڵەتە بە ئابووریی ئێران کە ئەم ڕێژە یەکسانە لەگەڵ ٥٥%ی بەرهەمی ناپاقژی نێوخۆیی و ئەمەش ئەو ڕاستییە دەگەیەنێ کە ئابووریی ئێران لە شەلەل بوون نیزیک بۆتەوە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش یەحیا ئالی ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق، لە وتووێژێکدا لەگەڵ قۆدس ئانلاین ڕایگەیاندبوو: بەپێی دوا ئامارەکانی بەردەستمان، زیاتر لە ٤٥ میلیۆن کەس لە ئێران کە دەکاتە سەروو ٦٠%، دەکەونە نێو چینی مامناوەند بۆ خوارەوە کە توانای یەکخستنی تێچووەکانی ژیان لەگەڵ داهاتەکانیان نییە و تووشی هەژاریی لەڕادەبەدەر بوونەتەوە.

هەروەها بانکی جیهانیی دراویش ماوەیەک لەمەوپیش لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاندبوو؛ ئابووریی ئێران دیسانەوە تووشی سەرلێشێواوی بووە و لە داهاتووشدا زیاتر لە ئێستا سەری لێ دەشەوێت.