کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین ئەندامانی تاقمێكی تیرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی دەستبەسەر كرد

16:54 - 7 خاکەلێوه 2717

كوردستان میدیا: بەحرەین ئەندامانی تاقمێكی تیرۆریستیی دەستبەسەر كردووە كە دەوترێ لە هێرشێكدا بۆ سەر هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە لە ڕەشەمەی ڕابردوودا دەستیان هەبووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی بەحرەین، ١٤ ئەندامی ئەو گرووپە دەستبەسەر كراون و بە وتەی وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە، ١١ كەسیان گومانی ئەوەیان لە سەرە كە لە ژێر چاوەدێریی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و تاقمی تیرۆریستیی كەتائیب حیزبوڵڵای عێراقدا مەشق و ڕاهێنانیان پێ كراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەرپرسانی بەحرەینی، دوو كەس لە ڕێبەرانی ئەو تاقمە نیشتەجێی ئێرانن كە یەكێك لەوانە بەم دواییانە ناوی خراوەتە نێو لیستی تیرۆریستیی ئەمریكاوە. شەش كەس لە دەستبەسەركراوەكانی ئەو گرووپە لە كەمپێكدا لە ژێر چاوەدێریی سپای پاسداران و پێنج كەسی دیكەیان لە ژێر چاوەدێریی یەكینەكانی حیزبوڵلای عێراق و سێ كەسی دیكەش هەر لە وڵاتی بەحرەین مەشقیان پێ كراوە.

وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین دەڵێ ئەو دەستبەسەركراوانە لە تەقینەوەی بۆمبێكدا لە تەنیشت ئۆتۆمبیلێكی هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستیان هەبووە. لەو تەقینەوەیەدا لە سەرەتاكانی ڕەشەممەی ڕابردوو، پێنج كەس لە هێزەكانی پۆلیس بریندار بوون.

ئەوە بۆ یەكەم جار نیە كە بەحرەین باس لە دەستبەسەركردن یا پووچەڵكردنەوەی چالاكییە تیرۆریستییەكانی كەس یان تاقمە بەكرێگیراوەكانی ڕێژیمی ئێران دەكات. بۆ نموونە لە ١٥ی ڕەشەمەشدا هەواڵی دەستبەسەركرانی ٢٥ ئەندامی گرووپێكی تیرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بڵاو كرابووەوە.

حكوومەتی بەحرەین ئەو كاتە ڕایگەیاندبوو گرووپێكی ٥٤ كەسی چوونەتە ئێران و عێراق تاكوو لە بنكەكانی سپای تیرۆریستیی پاسداراندا ڕاهێنانیان پێ بكرێت.