کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شەڕی سووریە کوژرا

17:29 - 7 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژرا.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە؛ پاسداری تێرۆریست سەعید خاجە ساڵحانی لە شەڕی سووریەدا بە دەستی دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد کوژراوە.

ناوبراو ٢٧ ساڵ تەمەنی بووە و بە ناوی مدافعانی حرم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەوانەی سووریە کراوە.

لە سەرەتای دەسپێکی قەیرانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زاینییەوە تا ئێستا، سەدان کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی نیزامیی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.

تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی سووریەدا کوژراون.

لەو پێوەندییەدا مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، محەممەدعەلی شەهیدی مەحەللاتی، سەرۆکی بونیادی کوژراوانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە؛ زیاتر لە ٢١٠٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه کوژراون.

هەروەها مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووش محەممەد بەنی‌حەسەن فەرماندەی بەسیجی جێگرەوەی گواستنەوە و ترافیکی تاران (معاونت حمل و نقل و ترافیک تهران) لە بەنێر و پۆستێرەکانی ڕێوڕەسمی ئەربەعەیندا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ٣ هەزار کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا لە سووریه کوژراون.

ئاماری ئەو کوژراوانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بە شێوەی فەرمی ئامارێک لە تەلەفاتی ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سووریه لەبەردەستدا نیه.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پاش تەلەفاتی گیانیی زۆری ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و ناڕەزایەتیی بەرینی بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم لە کوژرانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی خۆیان نیشان دا.