کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران گەمارۆی نمایشیی خستە سەر ١٥ كۆمپانیای ئەمریكایی

18:35 - 7 خاکەلێوه 2717

كوردستان میدیا: دوو ڕۆژ پاش ئەوەی كە ئەمریكا بەهۆی هەناردەكردنی تیكنۆلۆژیی هەستیار بۆ ڕێژیمەكانی ئێران، سووریە و كۆریای باكوور، كۆمەڵێك گەمارۆی نوێی بە سەر ٣٠ كەسایەتی و لایەنی حوقووقيدا سەپاند، ڕێژیمی ئێرانیش لە هەنگاوێكی نمایشیدا ڕایگەیاند ١٥ كۆمپانیای ئەمریكایی بەهۆی هاوكاری لەگەڵ ئیسراییل دەخاتە نێو لیستی گەمارۆكانەوە.

لە لیستێكدا كە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمەوە بڵاو كراوەتەوە، ناوی ١٤ كۆمپانیای ئەمریكایی بەرهەمهێنەری چەكوچۆڵ و كۆمپانیایەكی بیناسازی هاتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەكی سەیروسەمەرەدا ڕۆژی یەكشەممە ٦ی خاكەلێوە ڕایگەیاند بەپێی پەسەندكراوی ئەنجومەنی باڵای تەناهیی نیشتمانی، گەمارۆكانی كۆماری ئیسلامی ١٥ كۆمپانیای ئەمریكایی دەگرێتەوە كە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانە نێونەتەوەییەكان لە لایەن ئەوانەوە سەلمێنراوە.

بەوپێیە هەر چەشنە سات و سەودایەك لەگەڵ ئەو كۆمپانیا و دامەزراوانە قەدەغەیە، داراییەكانیان لە نێو سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستی بە سەردا دەگیرێت و كەسانێك كە لەو شیركەتانەدا بەرپرسایەتییان هەیە یا بە جۆرێك پێوەندییان لەگەڵیان هەیە، ویزای ئێرانیان پێ نادرێت.

دیاریكردنی سزای ئابووری بۆ ئەو شیركەتانە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە حاڵێكدایە كە ئەو شیركەتانە هیچ پێوەندییەكیان لەگەڵ ئێران نیە و وێدەچێت ئەو هەنگاوەی ڕێژیم زیاتر كارێكی نمایشی و سۆمبۆلیك بۆ ورەدان بە خۆی و بەكریگیراوانی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بێت.