کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژهەلاتی کانادا ڕێز لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان گیرا

22:37 - 15 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان له ڕۆژهەڵاتی کانادا ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەم وڵاتە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩6ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کانادا، ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری ست کاترین بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی کوردانی دانیشتوی ئەم شارە و دەورووبەر، بنەماڵەی شەهیدان، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئاکادمیکەکان بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کانادا لە لایەن سەتار پاڵانی خوێندراویەوە.

پاڵانی لە پەیامەکەیدا باسی لە گرینگیی کۆماری کوردستان و کەسایەتی بەرزی پێشەوا کرد.

دواتر پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان و ماڵی کورد پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، هەریەک له بەڕێزان دوکتور کەماڵ حەسەنزادە و دوکتور ڕۆژان ئاشتاب لە سەر مێژوو و ژیان و کەسایەتی پێشەوا کورتە باسێکیان پێشکەش کرد.

لە دوایین بەشی ئەم رێوڕەسمەدا پارچە مۆسیقایەک و سروودی ئەی شەهیدان لە لایان هونەرمەندان عەلی زەندی و کاک عەلی ئیسحاقییەوە پێشکەش کرا.

هەروەها کەماڵ پاڵانی پەخشانێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا هێمای ڕێزلێنان لە شەهیدان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، ڕەحیم بێهروز پێشکەشی ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی ئامادەبوو لە ڕێوڕەسمەکە کرا.