کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان تەنگی بە سپای پاسداران هەڵچنیوە

16:04 - 27 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: پاش پێشوازیی بێ‌وێنەی خەڵکی کوردستان لە خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات و ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر بۆ پشتگیری لە ڕاسان، بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم پەلاماری خەڵک دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ چەکدارە خۆفرۆشەکانی ناوچەی سەقز لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە دژی خەڵکی ناوچە دنە دراون و لە تاو راسان کەوتوونەتە وزەی خەڵکی ئاسایی.

بەپێی دوایین هەواڵەکان، چەند ڕۆژ پێش ئێستا بەکرێگیراوەکانی سەر بە سپای بەدناوی پاسداران لە گوندی پارسانیانی سەر بە شاری سەقز کۆبوونەوەی زۆرەملییان بۆ خەڵک بەڕێوە بردووە و بە گوشارهینان بۆیان، داوای زانیارییان لەسەر ئەو کەسانە کردووە کە بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی پشتیوانی لە ڕاسان و خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات دەکەن.

پاش کاتژمێرێک مشت و مڕ لە نێوان خەڵک و چەکدارە کاسەلێسەکان، خەڵک لێیان ڕاساون و پاش سووکایەتی پیکردن، پێیان وتوون ئێوە ناتوان پێش بە شەپۆلی زەریا بگرن.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بەمشێوەیە تەنگەتاوبوونی خۆی دەردەخات و پێشتریش لە چەندین شوێنی دیکەی کوردستان لەوانە نەغەدە، مەهاباد، کامیاران و چەندین ناوچەی دیکە زراوچوونی خۆی لە ڕاسان و دەرەنجامەکانی پیشان داوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ناردنی بەردەوامی چەکوچۆڵ و هێزی سەربازیی نوێ بۆ شارەکانی کوردستان و تەیارکردنی زیاتری مۆڵگە پڕ لە شوورەییەکانیان.