کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئاڵمان بەڕێوەچوو

23:03 - 3 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە شاری بێرلین خۆپیشاندانێک دژی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی بەڕێووچوو و ئێعدامی هاووڵاتییانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرا.

ڕۆژی هەینی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە لایەن ڕەوتی عەرەبەکانی ئەحواز لە ئاڵمان خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر لە سێدارەدانی لاوانی عەرەب بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا و لە درێژەی هاوکاریی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانیشدا کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان وێڕای پشتیوانی لەو خۆپیشاندانە، چالاکانە بەشداری کرد.

خۆپیشانداندەران سەرەتا لە بەردەم کۆشکی سەدارەتی باڵای ئاڵمان کۆبوونەوە و وتاری و پەیامی تایبەتی خۆیان خوێندەوە.

دواتر بەرەو دەروازەی بڕاندن بورگێڕ لە ناوەندی شار خۆپیشاندانیان کرد و لەو شوێنەش کە ناوەندی پڕ حەشیمەتی پێتەختی ئاڵمانە، کۆبوونەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا، ئارێزداراپوور بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان وتارێکی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد .

داراپوور لە وتارەکەی دا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەباتی ڕەوای نەتەوە بندەستەکانی ئێران، ئاماژەی بە سەرکوت و زەبر و زەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریان کرد.