کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی پلەیەکی نوێی دیکەشی تۆمار کرد

17:37 - 6 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێترین ڕێکۆردی خۆیدا، پلەی ١٦٥ی وڵاتانی جیهان لە پلەبەندیی جیهانیی ئازادیی ڕاگەیاندنی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پلەبەندیی جیهانیی ئازادیی ڕاگەیاندن بۆ ساڵی ٢٠١٧ بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە؛ سەرکوتی ڕاگەیەنەکان لە هەموو جیهاندا وەک نۆڕمی لێهاتووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دێموکراسی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نۆروێژ پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و جێگەی فەنلاندی گرتۆتەوە کە ماوەی ٦ ساڵ لەم پێگەیەدا بووە.

لە پاش نۆروێژیش وڵاتی سۆئێد جێ دەگریت و کۆرەی باکووریش لەم ڕیزبەندییەدا پلەی کۆتایی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

هەر لەم ڕاپۆرتەدا ئافریقای باکوور و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهان بۆ کاری ڕۆژنامەگەری دانراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران لە پلەی ١٦٥دا جێی گرتووە و تێیدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی دەیان ڕۆژنامەوانی بەتۆمەتەکانی وەک هەنگاونان بەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی یان گەندەڵیی ئەخلاقی دەستبەسەر و زیندانی کردووە.

لە درێژەشدا هاتووە: ئێران لە ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە ٥ زیندانی گەورەی جیهان بووە بۆ چالاکانی بواری ڕاگەیاندن؛ بەهۆی بارودۆخی دژواری زیندانەکان و بێبەش بوونی زیندانییەکان لە مافی چارەسەری پزیشکی، زۆرێک لە زیندانییەکان و لە نێویاندا ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوەکان دەستیان داوەتە مانگرتن کە لانیکەم ١٠ کەسیان بەم هۆیەوە لە مردن نیزیک بوونەتەوە.

هەروەها ئاماژە بە حوکمە ناڕەواکانی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی کراوە کە حوکمی وەک شەلاقیان بەسەر ڕۆژنامەوانەکاندا سەپاندووە.

هەنووکە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی تاران لە نێو لیستەی دوژمنانی ئازادیی ڕاگەیەنەکاندا جێی گرتووە.

بەشێک لەو سەرکردە و لایەنانەی کە هاوشێوەی خامنەیی لەم لیستە بەدناوەدا جێیان گرتووە بریتین لە: کیم جونگ ئون، بەشار ئەسەد، داعش، تاڵبانی ئەفغانستان، ڤێلادیمێر پوتین، ڕەمەزان قەدیرۆفی چێچێنی، نیکۆلا مادۆرۆی سەرۆکی ڤێنزۆئێلا و سالوا کایرمایاردیت سەرۆکی سوودانی باشوور.