کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم هەڕەشە لە حیزبی دێموکرات دەکەن

19:13 - 21 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری گشتیی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنه لەپێوەندی لەگەڵ ئامادە بوونی پێشمەرگە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا، هەڕەشەی لە حیزبی دێموکرات کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، پاسداری ڕێژیم قودرەتوڵڵا دیالمە بەڕێوەبەری گشتیی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنه، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ترس و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە بوونی پێشمەرگەکان لە نێو خەڵکدا پیشان دا.

ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییەی ڕێژیم هەڕەشەی کردووە؛ ئەگەر پێشمەرگە لە نێو خەڵکدا حزووریان هەبێت، تەنانەت بنکە و بارەگاکانیان نائەمن دەکەین، هەر وەک لە ڕابردوودا ئەو کارەمان کردووە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە؛ به هاوکاریی هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە ئیتلاعاتییەکان چالاکییەکانی پێشمەرگە لە نێوخۆ دەخەینە ژێر چاوەدێرییەوە.

پاسدار دیالمە هەروەها هۆشداری به خەڵک داوە کە وریای منداڵەکانیان بن و پێش بە منداڵەکانیان بگرن پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە نەبن.

لەو پێوەندییەدا، پاسداری ڕێژیم ڕەجەبی، فەرماندەی سپای بیت المقدس لە شاری سنه باسی لەوە کردووە؛ چالاکییەکانی پێشمەرگەر لە نێوخۆ بە توندی وەڵام دەداتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئامووزشی فنی و حرفەای سنە لە چاوپێککەوتن لەگەڵ پاسداری ڕێژیم محبی فەرماندەی گرووپی ٣٣ی تۆپخانەی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، گوتبووی کە؛ ٢٠٠ هەزار و ٤٢١ کاتژمێر آموزش مهارتی بە سەربازانی ئەو گرووپەی تۆپخانە لە ساڵی ١٣٩٥‌دا دراوە.

هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم لە حیزبی دێموکرات دەرخەری ترسی بەرپرسان و ئەمنییەتی پووشینەی ئەو ڕێژیمەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای ٢٠ ساڵ لە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری دەستی بە قۆناغێکی نوێی خەبات کردووە کە زراوی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەی بردووە.