کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: وادەکانی ڕێژیم تەنیا بۆ دەنگ‌وەرگرتنە

17:30 - 27 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەربارەت بە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند؛ وادەکانی ڕێژیم تەنیا بۆ دەنگ‌وەرگرتنە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کاناڵی ڕووداو دیبەیتێکی بۆ ٦ لایەنی ڕۆژهەڵات لە سەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران پێک هێنا و هۆکارەکانی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە تاوتوێ کران.

بەپێی ئامارەکان لە یەکەمین هەڵبژاردنی ڕێژیمی ئێران کە خەڵک بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆی دەنگی دا، ڕێژەی بەشداریی خەڵکی کوردستان ١٢ لە سەد بووە.

دوای پاشەکشەی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان، ڕێژەی بەشداری دەبێتە ٤٠ لە سەد و لە خولی سێهەمدا زیاتر دەبێت و لە سەردەمی ڕەفسەنجانی‌دا گەیشتە ٥٨ لە سەد.

لە دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی بە هۆی کاریگەریی گوتاری ئۆپۆزیسیۆن ڕیژەی دەنگدان کەم دەبێتەوە.

دواتر لە سەدا ٧٤ ی خەڵک دەنگیان بە خاتەمی دا و ئەوەش بەهۆی گوتاری ئیسلاح تەڵەبی لە لایەن خاتمییەوە بوو.

دوای بێ‌هیوایی لە بەرەی ئیسلاح تەڵەبی، هاووڵاتیانی کوردستان ٢٤ لە سەد دەنگ دەدەن.

دوو گوتار کاریگەریی لە سەر دابەزینی دەنگەکان لە کوردستان‌دا هەبووە؛ گوتاری ئۆپۆزیسیۆن و ئیسلاح تەڵەبی.

مستەفا هیجری لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە؛ خەڵک دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێراندا هیچ هیوایەکان بە وادە و بەڵێنییەکانی کاتی هەڵبژاردنەکان نەما و بۆیان دەرکەوت کە ڕێژیم تەنیا بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگ‌دان دروشم دەدات.

هیجری باسی لەوەش کرد کە؛ لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا واتە خولی دوازدەهەم، خەڵک بەو قەناعەتە گەیشتووە کە وادەکانی ڕێژیم نێوبەتاڵە و لەگەڵ ئەوەشدا، لە بنەڕەتدا ڕێژیم باوەڕی بە فرەچەشنی نیه و خەڵکی کورد بە هاووڵاتیی دەرجە ٢ ئەژمار دەکرێن.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد کە؛ خودی ڕێبەری ویلایەتی فەقیهـ بۆ خەڵک دیاری دەکات خەڵک دەنگ بە چ کاندیدێک بدەن و تەنانەت ڕێژیم دیاری دەکات خەڵک چی بخون و چی لەبەر بکەن.

مستەفا هیجری هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیم سێ مانگ لەمەوبەر دیاریی کردووە کاندیدەکان باسی چی بکەن، و لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە دەنگی خەڵک بێ بەهایە و خەڵک شایستەی ئەوە نین سیاسەت بۆ ڕێژیم دیاری بکەن.