کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات بەردەوام شانۆی هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکات

00:42 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە مەبەستی بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات لە شاری شنۆ بە مەبەستی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە گەڕەکەکانی شەهرەکی یاسا، گەڕەکی سەیدئاوا، گەڕەکی حەنەفیان، ڕەحیم ئاباد، مزگەوتی جامیعەی گەڕەکی سەیدئاوا، گەڕەکی حەسەن ئاباد، گەڕەکی مەجیدیان و قەبری شەهیدان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد.

هەروەها چەند ڕۆژی لەمەوبەر لە گوندەکانی کێلە چەرموو، شیان، مێراو، تەنگیسەر و هەمرۆڵە لە پەیامی ویدیۆیی جۆراجۆردا هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بایکۆت کردووە و دوایان لە خەڵک کردووە کە دەنگ بە ستەم و زوڵم نەدەن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی شنۆ، سەقز و پیرانشار و زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.