کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانەکان لە ئورووپا بەردەوامن

18:24 - 4 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: لە دوای تەقینەوەی خۆکوژیی لە شاری مەنچێستێری بریتانیا و کوژرانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە کەشی ئەمنییەتی بە سەر ئۆرووپادا زاڵ بووە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی لە ئەنجامی تەقینەوە لە هۆڵی مەنچێستێر ئارینا لە ئاهەنگێکی مۆسیقای گەورەدا لەو شارە ٢٢ کەس گیانیان لە دەستدا و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

پۆلیسی بریتانیا شوناسی ئەو خۆکوژەی بە سەلمان عوبەیدی و تەمەن ٢٢ ساڵ ڕاگەیاندووە.

میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە سەلمان دایک و باوکی وەک پەنابەر لە سەردەمی موعەمەر قەزافی ڕوویان لە بەریتانیا کردووە.

دوای ئەو تەقینەوەیە لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپا کەشی و هەوای ئەمنییەتیی گیرایە بەر.

لەو پێوەندییەدا، پۆلیسی بریتانیا ٨کەسی دەست بەسەر کردووە کە یەک کەسیان ژنە.

هەروەها لە وڵاتی ئاڵمان پۆلیسی ئەو وڵاتە ٩ کەسی دەستبەسەر کردووە کە ٤ کەسیان توندڕەوی ئیسلامی بوونە.

لەلایەکی دیکەشەوە دەزگای هەواڵدەریی تی تی وڵاتی سوئێد ڕایگەیاند، کاربەدەستانی فڕۆکەخانەیەکی دەرەوەی شاری گۆتەنبێرگ دوای ئەوەی گومانی لێ دەکرا تەقینەوە لە یەکێک لە جانتاکاندا هەبێت، ئەم فڕۆکەخانەیان چۆڵ کردووە.

لە دوای ئەو تەقینەوەیە و دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک لە کەسانی گومانلێکراو زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی فەزای توندی ئەمنییەتییان گرتووەتە بەر.