کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری بۆکان پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدان نوێ کرایەوە

18:31 - 18 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بۆ پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کوردستان، كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران سەردانی گڵکۆی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کوردستانییان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌، ١٥ی‌ جۆزه‌ردان، كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌ ساڵڕۆژی‌ شه‌هید بوونی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مان قادر ئاغه‌ڵیانی‌ خه‌ڵكی‌ گوندی‌ حاجی له‌كی‌ ناوچه‌ی‌ چۆمی‌ مه‌جیدخان، چوونه‌ سه‌ر گۆڕی‌ ئه‌و شه‌هیدەی حیزب ‌‌و په‌یمانی‌ وه‌فایان له‌گه‌ڵ‌ شه‌هیدان ‌و حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران نوێ‌ كرده‌وه‌.

خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ناوە بە ناوە بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و هەروەها گڵکۆی شەهیدانی حیزب و گەل دەکەن و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ نوێ دەکەنەوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە گوڕستانی شارەدێی دزە کە بە دەیان شەهیدی سوورخەڵاتی حیزب و گەلی لە ئامێز گرتووە، لەسەر گڵکۆی هەر شەهیدێک ئاڵایەکی کوردستان و ئاڵایەکی سوور بە نیشانەی خوێنی سووری شەهیدانیان هەڵداوە.