کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمان پەروەری ناوچەی سەقز

16:50 - 21 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی نیشتمان پەروەر و ناسراوی ناوچەی سەقز لە گوندی پارسانییانی ئەم شارە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ خاتوو فاتمە نەقشبەندی کچی خوالیخۆشبوو مامۆستا مەلا مەحیەدین نەقشبەندی و هاوسەری پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات سەید مۆحەممەد حسەینی خەڵکی گوندی پارسانیانی سەقز ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو یەکێک لە ژنە نیشتمان پەروەر و کوردپەروەرەکانی کوردستان بوو کە لە سەرانسەری ژیانیدا وێڕای خزمەت بە بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی گەلەکەی وەک ژنێکی بەهەڵویست و ئازا و وەک کەسێکی خۆشناو و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی شار و ناوچەکە دەناسرا.

تەرمی ئەم کەسایەتییە نیشتمان‌پەروەرە، لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا و لەگۆڕستانی پارسانیان بە خاک سپێردرا.

ئەو ژنە تێكۆشەرە لە دوایین ساتەكانی ژیانیدا ڕایگەیاندبوو كە هەمیشە خۆی بە دلسۆزێکی نیشتمانەکەی زانیوە و داوای كردبوو پەیامی پشتیوانی و وەفاداریی ئەو بە تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات بگەیەنن؛ هەروەها پێش لە کۆچەکەی ڕوو لە کوڕ و کەس و کارەکەی وتی ئیشەڵا لەسەر شاخی شاخەڕەش ( شاخەڕەش کێوێکی بەرزی پارسانیانە ) ڕۆژێک دێت کە ئاڵای کوردستان هەڵ ئەکەین بەکوێری چاوی دووژمنان.

دایە فاتمە نەقشبەندی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی بە تەنیا لە ئەستۆ بوو، وەک ژنە ڕووسورێکی کورد و بەوپەڕی شەهامەتەوە کاری دەکرد و بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی دابین دەکرد.
لە ماوەی ئەو ساڵانەدا زۆر جار لەلایەن چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیمەوە گووشاریان بۆ هێنا تاکوو خزمەت بە دوژمن بکات بەڵام کۆڵی نەدا و سەربەرزانە منداڵەکانی بەخێو کرد و لەبەرامبەر چەرمەسەرییەکانی ژیان قورس و قایم ڕاوەستا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی لە كۆچی دوایی سەیزادە فاتمە نەقشبەندی، یادی ئەو ژنە تێكۆشەرە بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت و بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و خەڵكی نیشتمانپەرەوەری ناوچەی سەقز و بەتایبەت گوندی پارسانییان دەكات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.