کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ورمێ پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ کرایەوە

17:51 - 23 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، پۆلێک لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی گلکۆی شەهید ئیبراهیم شێخاڵییان کرد.

بە پێی هەواڵێ گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەنیشانەی وەفاداری و ڕێزگرتن لە شەهیدان چوونە سەر گڵکۆی شەهیدی فەرماندە ئیبراهیم شێخاڵی لە گوندی جێرمێ لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ.

شەهیدی فەرماندە ئیبراهیم شێخاڵی لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە شارۆچکەی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر هاتۆتە دونیاوە. دواتریش بە هۆی دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، پەیوەست بوو بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و دواتریش بە هۆی لێهاتووییەوە بوو بە فەرماندەی هێزی شەهید نحۆ.

ئیبراهیم شێخاڵی یەکێک بوو لە فەرماندە قارەمانەکانی حیزبی دێموکرات کە بەداخەوە تەمەن مەودای نەدا کە درێژە بە ڕێبازە پڕ لە سەروەریەکەی بدات.

شەهید ئیبراهیم بە داخەوە لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٤بە هۆی دەرگیری لەگەڵ جاش و نیشتمان فرۆشانەوە لە ناوچەی جێرمێی ورمێ شەهید کرا.

پێویست بە ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئێستاش ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان لە شاری بۆکان پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفادارییان لە سەر گڵکۆی چەند شەهیدی حیزبەکەمان دانا.