کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئەسەد لە هەوڵی دووپاتکردنەوەی هێرشی شیمیایی دایه

16:34 - 6 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئامریکا لەهەمبەر بەرنامەداڕێژییەکانی بەشار ئەسەد بۆ هێرشی شیمیایی دووبارە بۆ سەر خەڵکی سووریە هۆشداری دا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕایگەیاند، ڕێژیمی سووریە لە هەوڵی ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێی شیمیاییە و لەو پێوەندییەدا کۆشکی سپی هۆشداری بەو ڕێژیمە داوە کە ئەگەر هەڵەیەکی وا ڕوو بدات بەشار ئەسەد و ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە بەهایەکی قورس دەدەن.

هەروەها شان ئێسپایسێر وتەبێژی کۆشکی سپی ئەو هەوڵانە و جموجۆڵی هێزەکانی ئەسەدی بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی لەم چەشنە تەئید کردووە.

ڕۆژی سێ‌شەممە، ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦، ٤ی ئاوریلی ٢٠١٧ی زایینی، ئەرتەشی سەر بە ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە، هێرشی شیمیایی کردە سەر خەڵکی بێ‌تاوان لە گوندی خان شێخوون لە باشووری پارێزگای ئێدلب لە سووریە کە لە ئەنجامدا، زیاتر لە سەد کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون.

ئەم هێرشە شیمیاییەی ڕێژیمی ئەسەد یەکەم هێرشی لەم چەشنە بۆ سەر خەڵکی سووریە نییە و چەکدارانی سەر بە ئەسەد چەند جاری دیکەش تاوانی دژەمرۆیی لەم چەشنەی ئەنجام داوە.

بەهۆی پشتیوانیی هەمەلایەنەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەشداریی ئەو ڕێژیمە لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و هەروەها پشتیوانیی سیاسی و نیزامیی ڕووسیە لە ڕێژیمی ئەسەد، ڕێژیمی بەعسیی سووریە لە سەر تاوان و کردەوە دژە مرۆییەکانی بەردەوامە و لەو کردەوانەدا پشتیوانیی ئاشکرای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی لە پشتە.