کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی ڤیەن لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو

23:44 - 12 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سێمیناریک بۆ یادی ۲۸سالەی شەهیدکرانی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتورقاسملوو و هاورێیانی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە هۆڵی ئازادیی شاری سلێمانی سێمیناریک بۆ یادی ۲۸ساڵەی شەهیدکرانی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی دوکتور قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان تاهیر مەحموودی بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی، بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

ئەم سێمینارە لە دوو تەوەر پێکهاتبوو کە لە سەرەتادا محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەسەر توانایی دوکتور قاسملوو لە ڕێبەری کردنی حیزب و هەروەها لە مەیدانی دیپلۆماسی‌دا بابەتێکی پڕ نێوەرۆکی پێشکەش کرد.

قادری لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستە بەرزە نەتەوەییەکانی دوکتور قاسملوو، قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی لە حیزبدا و ڕۆڵ و دەوری دوکتور قاسملوو هەم لە حیزبی دێموکرات و هەم لە نێو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا.

دواتر ئەبو تارا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان، لەسەر دووربینی دوکتور قاسملوو، تایبەتمەندییە شۆڕشگێرانەکانی ناوبراو لە سەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد قسەی کرد.

تارا لە قسەکانیدا باسی لەو کاتانە کرد کە لەگەڵ ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو کاری کردووە و کەسایەتی بەرزی دوکتور قاسملووی لە بەڕێوەبردنی حیزب باس کرد.

لەو سێمینارەدا زۆربەی هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون کە بریتین لە:

ڕۆژهەلاتی کوردستان:

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان

هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستان:

ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
ـ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
ـ پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان
ـ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

باکووری کوردستان:

ـ پەیوەندییەکانی کەجەکە

ڕۆژئاوای کوردستان:

‌ـ پارتی پێشڤەرۆی کوردستانی سووریە
ـ پارتی ئازادیی کورستانی سووریە
ـ یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە

هەروەها لەو سێمنیارەدا ژمارەیەکی بەرچاو مامۆستای زانکۆ، کەسایەتیی و رەوشنبیری سلێمانی بەشدار بوون و کاناڵەکانی راگەیاندنی ئەهلی و حیزبی بەشدار بوون.