کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتۆمەتی گەندەڵی براکەی حەسەن ڕوحانی لە زیندان خرا

16:56 - 26 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەتۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیلی ١٤ میلیارد تمەنی حسەین فەرەیدوون، برای حەسەن ڕوحانی دەستبەسەر و لە زیندان خرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان؛ ماوەیەک پێش ئیستا بەشیک لە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم حسەین فەرەیدوونیان تۆمەتبار کرد بەوەیکە بڕی ١٤ میلیارد تمەنی وەک بەرتیل لە ڕەسووڵ دانیال زادە وەرگرتووە و خانوویەکی لە تەجریشی تاران بۆ هاوسەرەکەی کڕیوە.

وتەبێژی دەزگای بەناو دادی ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٥ی پوشپەڕ ڕایگەیاند: بەهۆی تۆمەتە وەپاڵ دراوەکانی هاوکاری تایبەتی حەسەن ڕوحانی و پەروەندەی گەندەڵییەکانی ناوبراو دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە.

بەپێی هەندێک هەواڵی دیکەش جگە لە پرسی بەرتیل خواردن، حسەین فەرەیدوون تۆمەتی دەڵاڵی کردن لە بیاڤی ئەرز و بەستنی ڕێککەوتنی نایاسایی لەگەڵ وڵاتانی ئۆرووپایی لە ئەستۆیە.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هۆکاری بەقین کەوتنی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە براکەی حەسەن ڕوحانی و هەوڵدان بۆ تاوانبارکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە براکەی ڕوحانی لە دابەشکردنی پشکەکانی ئەم گەندەڵییانە سادق نەبووە و بەشە گەندەڵییەکەی سپا و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی هەڵلووشیوە.