کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە ئامریکا کرد

22:33 - 5 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: سەرکردەکانی ڕیژیمی تاران هەڕەشەی هێرشی سەربازییان لە دەوڵەتی واشەنگتۆن کرد.

پاش پەسندکردنی تەحریمە نوێیەکانی ئامریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی زۆربەی سەرکردەی باندەکانی ڕێژیمی تاران هاتنە سەر هێڵ و هەڕەشەی هێرشی سەربازییان لە ئامریکا کرد.

حەسەن ڕوحانی، ئەحمەد جەنەتی، مەسعود جەزایێری و عەبدوڕەحیم موسەوی ڕایانگەیاندووە کە وەلامی هەڵوێستەکانی ئامریکا دەدەنەوە و بە نائەمن کردنی ناوچە تۆڵەی بڕیارە نوێیەکەی ئامریکا دەدەنەوە.

سەرکۆماری ڕێژیم ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژ لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەت هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئامریکا دەیهەوێ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بمێنێتەوە و ئەمنیەتی کەنداو پارێزراو بیت پێویستە واز لەم سیاسەتە نوێیە بهێنێ.

هەروەها جەنەتی لەلێدوانێکدا ڕوو لە ئامریکا وتوویەتی: ئەگەر بتانهەوێ سپای پاسداران لاواز بکەن ئەم دامەزراوەی یادگاری ئیمام تۆڵەتان لێدەکەنەوە و وەک چقڵێک دەچن بە چاوتاندا.

لەلایەکی دیکەشەوە پاسداری تێرۆریست مەسعود جەزایێری، وتەبێژی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیم ڕوو لە دۆناڵد ترامپ قسەی کردووە و وتوویەتی: لەمەودوا هەر شتێک لە ناوچەدا ڕوو بدات بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی ئێوەیە و ئێمە مل بۆ ویستەکانی ئێوە ڕاناکێشین.

هەر لەم ڕاستایەدا جێگری سەرۆکی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان، عەبدوڕەحیم مووسەوی هەرەشەی لە ئامریکا کردووە و وتوویەتی: هەموو بنکە و بارەگاکانی دوژمن لە ژێر چاوەدێریماندایە و هەر کاتێک بمانهەوێ دەیان کەینە ئامانج و لەنێویان دەبەین.

پێشتریش مورتزا سه‌فاری نه‌ته‌نزی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ دەرەکییەکانی مه‌جلیس، ده‌بێ به شێوه‌یکی دیکه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی ئامریکا هه‌ڵس‌و‌که‌وت بکرێ و له ئاستی جیهانیدا به په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی که دژایه‌تی ئامریکا ده‌که‌ن لەوانەش وڵاتانی ئامریکای لاتین، گۆشار بخرێتە سه‌ر ئامریکا و هاوکاتیش هێرشی سیاسی و ره‌وانیان هه‌بێ له‌سه‌ر وڵاتی ئیسرائیل، که هاوپەیمانێکی گرینگی ئامریکان له ناوچه‌که‌دا.

ئەم هەڕەشە و گوڕەشانەی سەرۆک باندەکانی ریژیم لە کاتێکدان کە پیشتریش ئەزموونی لەم چەشنە بۆ بەخەیاڵی خۆیان ترساندنی ئامریکا بوونی هەبووە؛ پێش لە واژۆکردنی ڕێککەوتن نامەی ناسراو بە بەرجام سەرکردەکانی ڕێژیم باسیان لەوە دەکرد کە ناوجەی کەنداو دەکەنە جەحانم بۆ ئامریکاییەکان یان ئێران دەبێتە گۆڕستانی سەربازە ئامریکاییەکان بەڵام دواتر دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ناچار بوو مل بۆ ویستەکانی ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی ڕابکێشێ.

بەپێی ئەم گەڵاڵە نوێیەی ئامریکا بۆ تەحریمی زیاتری کۆماری ئیسلامی، فەرماندەکانی سپای پاسداران، پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ، فرۆشیارانی چەک و چۆڵی قورس بە ئێران و هاوکارانی گەشەدان بە بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی تەحریم دەکرێن؛ تەحریم کردنەکەش بەمشێوەیە دەبێت کە سەرکۆماری ئامریکا ئەرکدار دەکرێت تەواوی ئەو کەس و دامەزراوانە بخاتە لیستەی تەحریمی ئامریکاوە و بەم پێیەش داراییەکانیان لە ئامریکادا بلوکە دەکرێت و شەریکە بازرگانییەکانیشیان سزای قورسی ماڵی دەدرێن.