کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤاڵی ٢٨ی گەلاوێژ لە هەولێر بەرێوەچوو

18:42 - 29 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە ٣٨مین ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری بەدناوی جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کورد، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر دەزگای توێژینەوە ستراتیژییەکان یەکەم فێستیڤاڵی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەشداری سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵات بە ناونیشانی (٢٨ی گەلاوێژ، رۆژی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان) سازکرد.

کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری هەولێر، بۆ ئاوڕدانەوە لە ٣٨مین ساڵیادی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان، ڕێوڕەسمێک لە ژێر ناوی خۆراگری شکۆمەندییە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی دەستەی ئامادەکار لەلایەن مامەند ڕۆژە پێشکەش کرا و دواتر لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە چەندین پەیام لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشدار پێشکەش کران، کە بریتی بوون لە:

١ـ پەیامی دوکتور مەحموود عوسمان کەسایەتی سیاسی.
٢ـ پەیامی نوێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
٣ـ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٥ـ پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦ـ پەیامی هاوڕێیانی پێشوو

لەم ڕێوڕەسمەدا وەفدێکی باڵای حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتیری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کرد و وتاریان پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا بەڕێز شەرەفی ڕایگەیاند: ئێمە لیرە کۆبووینەتەوە تاکوو ئاوڕ لە دوو ڕووداو بدەینەوە؛ یەکیان پیرۆز و یەکیان ناپیرۆز. ڕووداوە ناپیرۆزەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژدا ئەو پەیامە شووم و فتوا ناڕەوایەی کە خومەینی دژ بە گەلی کورد دەری کرد و لە ئەنجامیدا هەر لەو ڕۆژەوە هێرشی زەوینی و هەوایی بێ بەزەییانە بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد.

فەرمانێکی سەربازی بۆ خاشەبڕکردنی کوردستان و نەتەوەی کورد و فتوایەکی مەزهەبی بۆ بزاوتن و هاندانی بەشێک لە هاونیشتمانییانی شێعەمەزهەبمان لەدژی کورد؛ ئەمەش وای کرد کە کورد ٢ ڕێگای لەبەردەمدا مایەوە؛ یان مل دانەواندن بۆ ئەو هەڕەشە و هێرشەدا یان خۆڕاگری.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز شەرەفی وتی: رووداوە پیرۆزەکە ئەوەیە کە هەر لەو ڕۆژەدا کە بڕیاری ناپیرۆزی فتوا دەرکرا گەلی کورد بڕیاری خۆراگری لەبەرامبەر ئەم پەلامارەی دەرکرد و بە کردەوە سەلماندی کە رەوتی موقاومەتی خۆی کە هەیبوو بەهێزتر کرد.

جێگری سکرتێری گشتی حیزب لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە میراتگرانی خومەینی کرد و وتی: ئێستاش هەمان سیاسەت و هێرش کردنە لەدژی گەلی کورد درێژەی هەیە و جگە لە هێزی هەوایی و زەوینی ماشینی تێرۆریشیان هێناوەتە ئاراوە بەڵام کورد هەر لەو کاتەوە کە بڕیاری خۆڕاگری دا بە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی لەبەرامبەر داگیرکەراندا راوەستاوە و رادەوەستێ.

وتیشی: هاوکات لەگەڵ بەرینترکردن و بەهێزتر کردنی پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەرکە لەسەر ئێمە کە خەباتەکەمان و موقاومەتەکان قورس و قایمتر بکەین و یەک هەڵوێستتر و یەک هەنگاوتر بین.

پاشان ئاوڕی لە سەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دایەوە و وتی: دەبێ هەموو پارچەکان ئەم مەسەلە وەک بەرژەوەندییەکی باڵا ببینێت و پشتی بگرێت.

هەروەها لە نێوان ڕێوڕەسمەکە چەندین سروود و کاری هونەری لەلایەن هونەرمەندانی کورد وەکوو (میرا و نەدا)، (کاڵێ ئاتەشین)، (ناسری ڕەزازی) و گرووپێکی پێکهاتوو لە هونەرمەندانی ڕۆژئاوای کوردستان و هونەرمەندێکی کوردی باکووری کوردستان پێشکەش کران.

border=0
فستیڤاڵی ٢٨ی گەلاوێژ لە هەولێر بەرێوەچوو