کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی عابدی: ئەگەر لە بەر کەمایەسی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نەبێت کێ کۆڵبەری پێ خۆشە

22:43 - 14 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ژەنیارو هونەرمەندی کورد بە ناوبانگی خەڵکی شاری سەقز وێڕای مەحکووم کردنی کوژرانی کۆڵبەران بە گشتی و دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تایبەتی ناڕەزایەتی دەربڕی.

عەلی عابدی ژەنیار و هونەرمەندی نەتەوەی کورد خەڵکی شاری سەقز وێڕای هاوخەمی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی ئەو دوو کۆڵبەرەی کورد ڕایگەیاند: کۆڵبەری نیشانەی نابەرابەری و هەڵاواردنی کۆمەڵگای کوردستانە.

ئەو ژەنیارە کوردە دەڵێت: جا ئێستا کە هاونیشتمانیانمان بە کۆڵبەری ڕازی بوون و بە کۆڵی خۆیان و ئارەقی نێو چاوان و شەرەف و غیرەتیان لەو شاخە نان پەیدا دەکەن، دەیان کوژن.

ئەو هونەرمەندە کوردە هەروەها دەڵێت: ئەمە کارەساتە و بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت و ئەگەر لە بەرنان و ژیان نەبێت بۆ ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن.

عەلی عابدی ئەوەشی خستەڕوو کە من ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بووم بە دەنگی هەڵەبجە و سەردەشت و شەنگال و کوبانێ و چەندین کارەساتی‌تر و لە هەمبەریان بێدەنگ نەبووم، ئێستاش ئەم کارەساتە لە هەڵەبجە و سەردەشت و هتد بە کەمتر نازانم.

ناوبراوە هەروەها دەڵێت: من پێم وایە ئێستا کۆڵبەران بە ئارامی جینۆساید دەکرێن.سەرەحۆشی خۆم له بنەماڵەی کۆڵبەرانی ئەم کارەساتە دەکەم و کوشتنی کۆڵبەران بە هەر شێوەیەک و بە هەر بیانوویەک ئیدانە دەکەم .

عەلی عابدی بە ئاماژە کردن بە کردەوەکانی موحسێن بیگلەری مۆرەی ڕێژیم لە مەجلیس دەڵێت: موحسین بیگلەری بەرپرسی گیانی ئەو کۆڵبەرانە و کۆڵبەرانی داهاتوو و سەرجەم کەمایەسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سەقز و بانەیە.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە کۆتاییدا دەڵێت: موحسێن بیگلەری هەموو هەوڵی خۆی لەسەر تایەفەگەری و ناوچەگەرایی و باندبازی و ئاشنابازی داناوە و لە هەمبەر ئەو هەموو کێشە و گرفتانە نابەرپرسە .